لە بەعقوبە هێرش دەکرێتە سەر ماڵێک و یەکێک لە هێرشکەرەکان دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە، هێرش دەکرێتە سەر ماڵێک و پۆلیسی دیالە دەڵێت، هێرشکەرێکیان دەستگیر کردووە.
وەکو ئەوەی لە کامێرای چاودێرییەوە دەردەکەوێت، شەوی رابردوو لە گەڕەکی ئەفسەران لە شاری بەعقوبە، دوو کەس کە بە سواری ماتۆرێکەوە بوون، یەکێکیان هاتووەتە خوارەوە بە مۆلۆتۆف هێرشی کردووەتە سەر ماڵێک و دواتر رایانکردووە.
عەقید هەیسەم سەلمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە رووداوی گوت، "رووداوەکە کاژێر هەشتی شەوی رابردوو بووە. ئەو ماڵەی هێرشی کراوەتەسەر، برای تاریق خەزرەجی، بەڕێوەبەری پێشووی کارەبای دیالەیە. هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە."
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە هۆکاری رووداوەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دوێنێ دەمەقاڵی لەنێوانیان دروستبووە، دواتر ئەو دوو کەسە ئەو کارەیان کردووە.
عەقید هەیسەم گوتیشی، "دوای رووداوەکە، بە ماوەیەکی کەم یەکێک لە هێرشبەرەکان دەستگیر کراوە و گەڕان بەدوای ئەوی دیکە بەردەوامە."