عێراق 100 هەزار دینار بۆ مووچەی کرێکارانی خانەنشین زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 1ی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکارانە، بەم بۆنەیەوە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، "100 هەزار دینار بۆ کرێکارانی خانەنشین زیاد دەبێت."
بە گوتەی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، "ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنی هەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر زیادکردنی مووچەی کرێکارانی خانەنشین دەدات."
پەرلەمانی عێراق ساڵی رابردوو یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکارانی بە ژمارە 18ی ساڵی 2023 پەسند کرد، کە لە 109 مادە پێکهاتووە. بەگوێرەی مادەی 98ی یاساکە، مووچەی خانەنشینیی کرێکاران لە 500 هەزار دینار کەمتر نابێت.
لە عێراق زیاتر لە 6 ملیۆن کرێکار هەن. نەجم عیقابی، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی چوارشەممە 1ی ئایاری 2024 بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 300 هەزار کرێکار دەستەبەری کاریان بۆ کراوە. کەمترین مووچەی مانگانەی هەر کرێکارێک بووەتە 500 هەزار دینار؛ پێشتر 350 هەزار دینار بوو."