سەندیکاکانی کرێکاران: یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراق هەن

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بێکاری لە عێراق 20%ـی تێپەڕاندووە، کەچی نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە وڵاتەکەدا کاردەکەن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی کرێکارانی عێراق دروستکردووە.
 
زۆربەی وڵاتانی جیهان لە یەکی ئایاردا ئاهەنگی "جەژنی کرێکاران" دەگێڕن، لە زیاتر لە 100 وڵاتدا پشووی فەرمییە، عێراقیش یەکێکە لەوانە.
 
ستار دەنبووس، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گرنگترین بابەت تۆمارکردنی کرێکارە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا، تاوەکو مافی خۆی و خێزانەکەی لە داهاتوودا مسۆگەر بکات."
 
زیاتر لە 850 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە
 
ستار دەنبووس گوتی: "لە 2003ـەوە تاوەکو نزیک 2010، ژمارەی تۆمارکراوان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تەنیا 350 هەزار کرێکار بوو، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە بەراورد بە عێراق، کە زیاتر لە 15 ملیۆن کرێکاری تێدایە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 850 هەزار کرێکاری دەستەبەرکراو.
 
سەبارەت بە ژمارەی هێزی کاری بیانی لە عێراق، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران پێیوایە "ژمارەکان زۆر ترسناکن" و گوتی، "بەپێی ئامارەکانی وەزارەتەکانی کار، پلاندانان و ناوخۆ، زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراقدا هەن، لە کاتێکدا عێراق خۆی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنێت."
 
ستار دەنبووس لەبارەی رێژەی بێکاری باسی لەوە کرد،"بەپێی وەزارەتەکانی پلاندانان و کار، رێژەی بێکاری لەناو چینی کرێکارانی عێراقدا بە نزیکەی 13% مەزەندە دەکرێت، بەڵام رێژەکە زیاترە لە 20%، ئەمەش بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، هەروەها لەبەر ئەوەی دەوڵەت دوو ساڵ پێش ئێستا رایگەیاند هیچ دامەزراندنێک نییە، مەگەر بەپێی پێویستیی وەزارەتەکان بێت."
 
سەبارەت بە کرێ و خانەنشینیی کرێکاران، ستار دەنبووس گوتی، "کاتێک تەنیا 350 هەزار کرێکار دەستەبەرکرابوون، مووچەی کرێکاری خانەنشینکراو لە نێوان 150 بۆ 250 هەزار دینار بوو، ئەویش مانگ نا مانگێک وەری دەگرت، بەڵام دوای وەبەرهێنان لە پارەی سندووقەکە (سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی)، کەمترین ئاستی کرێ بووە بە 350 هەزار دینار، کە ئەمەش بڕێکی زۆر کەمە بە بەراورد بە نرخی باو لە بازاڕەکاندا، رەخنەشی لەوە گرت وەزارەتەکان، وەک شارەوانییەکان، مافی کرێکاران پێشێل دەکەن."
 
بە بەراوردکردنی کرێی کرێکارانی پاککەرەوە لە نێوان عێراق و وڵاتانی جیهاندا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران گوتی: "کرێکارانی پاککەرەوە و شارەوانییەکان لە وڵاتانی جیهاندا کرێی زۆر وەردەگرن. هەموو ساڵێک رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی کۆنفرانسەکەی لە جنێڤ دەبەستێت، ئێمە ئاگاداری کرێی کرێکارانی پاککەرەوەین لە وڵاتانی جیهاندا، کە کەمترین کرێ 3000 دۆلارە، لە کاتێکدا کرێی کرێکاری عێراقی نزیکەی 100 دۆلارە."