وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بۆ رووداو: فڕۆکەخانەى بەغدا بە کاتى داخرا

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، بەهۆى خراپى کەشوهەوا و خۆڵبارینەوە، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا کاژێرێک داخرا.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەیسەم سافى، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە کاژێر 6:45ی ئێوارەوە فڕۆکەخانەى بەغدا داخراوە و بۆ ماوەى کاژێرێک داخستنەکە بەردەوام دەبێت. 
 
مەیسەم سافى رایگەیاند: داخستنى فڕۆکەخانەکە بەهۆى خراپى کەشوهەوایە و هاتن و چوون دەگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئایار شەپۆلیکى خۆڵبارین رووى لە عێراق کردووە و شارەکانى نێوەڕاست و باشوورى گرتووەتەوە.
 
 گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق ئاماژەى بەوەدا کە دواى کاژێرێک لە داخستنى فڕۆکەخانەکە، بەگوێرەى دۆخى کەشوهەوا بڕیار لەبارەى درێژکردنەوەى یان دەستپێکردنەوەى گەشتەکان دەدرێت.
 
مەیسەم سافى گوتى: "ئەو بڕیارە تەنیا فڕۆکەخانەى بەغداى گرتووەتەوە و گەشتکردن بەسەر ئاسمانى عێراق بەردەوامە و رانەگیراوە".