چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ عەلی زەیدی، تاوتوێی پێکهێنانی حکومەت دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، تاوتوێی هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەت و کاری ئەو لیژنانەیان کرد کە تایبەتن بە پێکهێنانی حکومەت.
کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، شەوی 30ی نیسانی 2026 لە نووسینگەی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کرا.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، کە دۆسیەی پێکهێنانی حکومەتیان تاوتوێ کردووە و ئەنجامی کاری ئەو لیژنانەیان خستووەتە روو، کە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراون.
بەگوێرەی هاوپەیمانێتییەکە، ئەو لیژنانە پێشوەچوونیان بەدەستهێناوە لە یەکلاکردنەوەی بەرکەوتە نیشتمانییەکان لە چوارچێوەی ماوە دەستوورییەکاندا.
عەلی فالح زەیدی لەو کۆبوونەوەیەدا باسی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت و خاڵەکانی کارنامەی حکومەتەکەی و ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کردووە کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردوویەتی.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاندووە، گرنگە دەوڵەت لەسەر بەرنامەی دروست بونیات بنرێت، کە توانا و شکۆ و سەروەرییەکەی بەهێز دەکات.
لە 26ی نیسانەوە عەلی فالح زەیدی، وەک بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە بەپێی دەستوور پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەی حکومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان.