نەوتی عێراق بۆ رووداو: دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە - حەدیسە کرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە - حەدیسە کراوە کە توانای گواستنەوەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە.
هەینی 1ی ئایاری 2026، عەبدولساحب بەزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو زانیارییەی بە تۆڕی میدیایی رووداو دا.
هێڵەکە درێژییەکەی 700 کیلۆمەترە و تیرەکەی 56 ئینجە. عەبدولساحب بەزوون دەڵێت، "بۆرییەکە بە سێ ئاراستە بۆ هەناردەکردنی نەوت سوودی لێ دەبینرێت، کە بریتین لە بەندەری بانیاسی سووریا، جەیهانی تورکیا و عەقەبەی ئوردن."
لە 26ی نیسانى 2026 دەستەیەکى تایبەت بە سەرۆکایەتی یەکێک لە بریکارانی وەزارەتی نەوت پێکهێنرا بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە – حەدیسە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: بڕیار دراوە 1.5 ملیار دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەرخان بکرێت و خێرایی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پەیوەستە بە دابینکردنی پارە کە حکومەتی نوێی عێراق لەنێو یاسای بودجەدا رێکارەکانی دابینکردنی پارەکەی لە چوارچێوەى یاساى بودجە دەگرێتەبەر.
پڕۆژەکە لە بەسرەوە دەستپێدەکات و دەچێتە شارۆچکەی حەدیسە لە ئەنبار، لەوێشەوە دەتوانرێت لە رێگەیەوە نەوتی بەسرە بگوازرێتەوە بۆ بۆرییەکانی کەرکووک بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا.