ئایا سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەتوانێت کێشە سیاسییە گەورەکانی وڵاتەکەی چارەسەر بکات؟
رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی توێژینەوەی ئەنجوومەنی ئەتڵەسیی ئەمریکا لە راپۆرتێکی شیکاریدا تیشک دەخاتە سەر ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەی دێنە سەر رێگەی عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
راپۆرتەکە لە لایەن ڤیکتۆریا جەی تایلەر و سەفوان ئەمنین، توێژەران و شارەزایانی سیاسی نووسراوە.
عەلی زەیدی کێیە؟
عەلی زەیدی پارێزەر و بازرگانێکی دەوڵەمەندە و پێشتر خاوەنی بانکی ئیسلامیی باشوور بووە.
زەیدی پێشتر هیچ پۆستێکی حکومی یان ئەزموونێکی سیاسیی نەبووە و دوای چەندین مانگ لە چەقبەستنی سیاسی و مشتومڕ، لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، کە سەرەکیترین پارتە شیعەکان لەخۆدەگرێ، وەک بەربژێر دەستنیشان کرا.
ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ چی دەڵێن؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تووندی رێگری کرد لەوەی نووری مالیکی بۆ جاری سێیەم ببێتەوە سەرۆکوەزیران. بەڵام سەبارەت بە عەلی زەیدی، ئەمریکا نەرمی نواندووە. تەنانەت رۆژی پێنجشەممە، زەیدی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێوە کردووە، پیرۆزبایی لێکردووە و بانگهێشتی کۆشکی سپیی کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات.
ئەو کێشە گەورانەی رووبەڕووی دەبنەوە چین؟
راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی ئەتڵەسی پێیوایە، عەلی زەیدی کارێکی "زۆر قورس"ی لەپێشە و رووبەڕووی ئەم کێشانە دەبێتەوە:
-میلیشیاکان: ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران و لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن. ئەمریکا "گوشاری زۆر" لە بەغدا دەکات بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە چەک و جڵەو بکرێن.
-ئابوورییەکی وێران: ئابووریی عێراق "زۆر لاوازە" و تەنیا پشتی بە نەوت بەستووە، لە کاتێکدا ئێستا بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتەوە بودجەی عێراق کورتهێنانێکی گەورەی تێکەوتووە.
-مووچەخۆری زۆر: ژمارەیەکی زۆر خەڵک مووچەخۆری حکومەتن کە بارگرانییەکی گەورەیە بەسەر وڵاتەوە.
-گەندەڵی و لاوازیی سیستم: سیستمێکی سیاسیی پڕ لە گەندەڵی کە "رێگرە لەبەردەم بچووکترین بەرەوپێشچوونیش".
نووسەرەکان دەڵێن، دەبێ عەلی زەیدی وەک کەسێک بێت کە بەسەر پەتێکی باریکدا دەڕوات؛ دەبێت لەلایەک لایەنە شیعەکان رازی بکات، لەلایەکی دیکەوە لە رێگەی دیپلۆماسی و دانوستاندنەوە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رابگرێ و ئابووریی وڵاتەکەش لە داڕمان رزگار بکات. سەرکەوتنیشی تەنیا بەندە بەوەی کە ئایا سەرکردە شیعەکان درک بە مەترسیی دۆخەکە دەکەن و بەرژەوەندیی عێراق دەخەنە پێش بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە یان نا.