ئاوارەکانی موسڵ لە ئاوی خازر خۆیان فێنک دەکەنەوە

رووداو - خازر 

ئاوارەکانی موسڵ لە کەمپی خازر زۆربەیان بە رۆژوون، بەڵام هەتاوی گەرم و تینی خێوەتە گەرمەکانی کەمپ ئەوانی هەراسان کردوە.

منداڵ و گەنجەکانی کەمپ لە نیوەڕۆوە خۆیان دەخەنە نێو رووباری خازر و مەلە دەکەن، دوای ئەوەی خۆردەنیشێ بۆ رۆژوو شکاندن دەگەڕێنەوە کەمپ، بەڵام ژنانی کەمپ هەر لە گەرمای خێوەتەکاندا 16 کاژێر چاوەڕێی بەربانگ دەکەن.

سالم دانیشتووی لای راستی موسڵە و نزیکەی دوو هەفتەیە ئاوارەی کەمپی خازر بووە، وەک زۆربەی دانیشتووانی کەمپەکە بە رۆژوو دەبێت. بە رۆژووبوون بۆ سالم لە ژێر خێوەتێکی گەرم و بێ کارەبادا سەختە.

سالم محەممەد خەڵەف، ئاوارەی موسڵ دەڵێت "کاتەکانمان لەناو ئاوەکەدا بەسەردەبەین و بە رۆژ دەچینە ناو زێیەکە و هەروەها لەناو ئەم خێوەتە کاردەکەین و دواتر بۆ هەر شتێک بێت  بۆ بەسەربردنی کات دەگەڕێن". 


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن