لە عێراق سیستەمى پارەدانى ئەلیکترۆنى بە فەرمى کەوتەکار
رووداو دیجیتاك
بانکى ناوەندیى عێراق بە فەرمى دەستپێکردنى سیستمى پاردانى ئەلیکترۆنى (POS)ـی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند، کە پێشتر ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدابوو لە یەکى حویزەرانەوە دەستپێبکات.
ئەمڕۆ (1ـی حوزەیرانى 2023)، بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنى خزمەتگوزاریى پارەدانى ئەليکترۆنى (POS)ـی لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا، ئامانج لەو بڕیارەی، بەهێزکردنى متمانەى پارەدانى ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنى مامەڵەى نەختینەیە لە مامەڵەکانى پارەدان و بازرگانیدا.
بۆ جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوە، ئامێرەکانى فرۆشتنى ئەلیکترۆنى لە دامەزراوەکانى کەرتى تایبەت و گشتى دادەنرێن.
بانکى ناوەندیی عێراق دەڵێت، رێوشوێنى پێویست گیراونەتەبەر، لەلایەن هەندێک لە وەزارەتەکانەوە بۆ دانانى ئامێرى پارەدانى ئەلیکترۆنى، بەڵام لەهەمان کاتدا ماف بە هاووڵاتییان دراوە کە بەو رێگەیە پارەبدات، کە خۆى پێى گونجاوە.
هەریەک لە وەزارەتەکانى ناوخۆ، کارەبا، نەوت، گواستنەوە، بازرگانى عێراق ئامێرى پارەدانى ئەلیکترۆنییان لە هەندێک لە جومگەکانى وەزارەتەکانیان داناوە، بۆ بەڕێوەبردنى مامەڵەى دارایی هاووڵاتییان.
رۆژی 17ـی کانوونى دووەمى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا لە یەکى حوزەیرانەوە بە فەرمى دەست بە کارکردن بکرێت بە سیستمى پارەدانى ئەلیکترۆنى، تاوەکو هاووڵاتییان لەرێگەى کارتى بانکیەوە مامەڵە داراییەکانیان لە فەرمانگەى حکومى و کەرتى تایبەت بەڕێبکەن.
ئەو هەنگاوەى حکومەتى عێراق بۆ بەرزکردنەوەى بەهاى دینارە بەرامبەر بە دۆلار و رێگرییە لە سپیکردنەوەى پارە.