لەپێناو مووچەی کۆمەڵایەتی 250,000 کەس لە عێراق ئۆتۆمبێل بەناوی هاوژینەکانیانەوە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاشکرای کردووە بۆ سوومەندبوون لە مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی، زیاتر لە 250 هەزار کەس، ئۆتۆمبێلەکانیان بەنێو هاوژینەکانیان کردووە.
دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە راگەیێندراوێک بڵاویکردەوە 253 هەزار و 4 کەس کە لە مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی سوومەندن، دەرکەتووە ئۆتۆمبێلیان هەیە و بەناوی هاوژینەکانیان کردووە.
دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی جەختلەوەدەکاتەوە، وردبینی داتاکان بەردەوامە بۆ رێگری لەو کەسانەی سەرپێچیان کردووەتە سەر هاوکاری کۆمەڵایەتی و بەشێوەیەکی ناسایی مووچە وەردەگرن و بەپێی رێنماییەکان شایستە نین.
دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی رۆژی چوارشەممە، 31-06-2023 بڵاویکردەوە لەماوەی مانگی ئایاردا هاوکاری 10 هەزار و 217 کەسیان راگرتووە، بەهۆی ئەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2016 بە سەرەوە بوون.
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رۆژی 24ی نیسانی 2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، 163 هەزار سەرپێچیان بۆ سەر تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ئاشکرا کردووە.
ئەمساڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق هەڵمەتێکی گەورەی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی دەستپێکرد بۆ وردبینی ئەو کەسانەی کە داواکاریان بۆ هاوکاری کۆمەڵایەتی لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە پێشکێشکردووە، کە نزیکەی دوو ملیۆن و حەوت هەزار خێزان داواکارین.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاندووە، لە پرۆژەیاسای بودجەدا 600 هەزار خێزان، مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتییان بۆ دابیندەکرێت و 6 ترلیۆن دیناریش بۆ پاراستنی کۆمەڵایەتی و نیڤشکان تەرخانکراوە .
پێشتریش سەنا موسەوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ملیۆنێک و 600 هەزار خێزان لە داتاکانی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی تۆمارکراون و مووچە وەردەگرن. بەڵام عەلی حلو، جێگری سەرۆکی دەستەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رۆژی 12-05-2023 رایگەیاند، زیاتر لە 5 ملیۆن و 200 هەزار کەس کە دەکاتە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار خێزان لە دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی سوومەندن.