ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمان: هەموو ئەو کارتە بانکییانە رادەگیرێن کە کاری نائاساییان پێکراوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەموو ئەو کارتە بانکییانە رادەگیرێن کە لە دەرەوەی عێراق کاری نائاساییان پێکراوە.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی و پیشەسازیی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە یەکی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئەو کارتە بانکییانەی لە دەرەوەی وڵات بەشێوەیەکی نایاسایی دۆلاریان پێ راکێشراوە راگیراون یان رادەگیرێن".
 
بەگوتەی سۆران عومەر، "کارتێکی زۆر بە ناوی خەڵکەوە دەهێندراوە بێ ئەوەی خاوەنە راستەقینەکەیان گەشتی دەرەوە وڵات بکات. کارتەکە براوەتە دەرەوەی وڵات و دۆلاری پێ راکێشراوە، بۆیە ئەو هەموو کارتانە کە بەم شێوەیە مامەڵەی نایاساییان پێکراوە راگیراون یان رادەگیرێن".
 
لەوبارەوە، نووسینگەی راگەیاندنی بانکی رافیدەین، کە یەکێکە لە بانکە حکومییەکانی عێراق، دەنگۆی راگرتنی کارکردنی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی رەتکردەوە و گوتی: "هەموو کارتەکانی (ماستەرکارد و ڤیزە) کە لەلایەن بانکەکەوە دەرچوون، بە کارایی تەواوەوە و بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوخۆ و دەرەوەی عێراق کاردەکەن، هیچ بڕیارێک لە کۆمپانیای (ماستەرکارد) یان هیچ لایەنێکی فەرمی پەیوەندیدارەوە دەرنەچووە کە پەیوەست بێت بە راگرتنیان."
 
نووسینگەی راگەیاندنی بانکی رافیدەین ئاماژەی بەوەشکرد "سیستمی بانکیی دیجیتاڵی بەردەوامە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەبێ هیچ کێشەیەک. پابەندین بە دابینکردنی ئەزموونێکی بانکی جێگیر و پارێزراو بۆ کڕیارەکان لە هەموو کاتێکدا."
 
بانکەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە دوای دەنگۆ ناڕاست و مەبەستدار نەکەون،  تەنیا پشت بەو هەواڵانە ببەستن لە سەرچاوە فەرمییەکانی بانکەکەوە دەردەچن.