لە بەسرە کێڵگەیەکی نەوت بە وزەی خۆر کار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کێڵگەی نەوتی فەیحا لە بەسرە بە تیشکی خۆر کار دەکات و کارەبا لە وزەی خۆر وەردەگرێت. پێشتر موەلیدەیان بۆ دانابوو، بەڵام ئێستا لەم رێگەیەوە کارەبای پێویستی بۆ دابین دەکرێت و ژینگەش پیس ناکات.
بەکارهێنانی وزەی خۆر لە عێراق سنوودارە و تائێستا بەکارهێنانی لە پیشەسازیی نەوتی عێراق لە قۆناخی ئەزمووندایە. عێراق گرێبەستی دامەزراندنی ژمارەیەک وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لە رێگەی وزەی خۆرەوە لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی واژۆکردووە، بۆ ئەوەی نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن. هەروەها بەنیازە تاوەکو ساڵی 2030، 10 هەزار مێگاوات کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەم بهێنێت.
ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە رێگەی وزەی خۆر کە یەکەمجارە لە عێراقدا بۆ بەگەڕخستن و دابینکردنی کارەبا بۆ کێڵگەی نەوتی فەیحا لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق، سوود لە وزەی خۆر وەردەگیرێت. لە کاتێکدا پێشتر کارەبای کێڵگەکە لە رێگەی موەلیدەوە دابینکراوە، کە خەرجی زۆری هەبووە.
خەلیل ناهی عاسی، سەرۆکی بەشی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی فەیحا دەڵێت، "سوودی ئەم وێستگەیە، یەکەم: دەستبەرداری 60٪ـی ئەو وزەیە دەبین کە پێشتر خەرجکراوە، بەوپێیەی شوێنەکەمان دەکەوێتە ناوچەی سنووری، دوور لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی، بۆیە بۆ بەرهەم و دابینکردنی کارەبا موەلیدەمان بەکارهێناوە. ئەم وێستگەیە خەرجیی کەمدەکاتەوە، بەمشێوەش تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت کەمدەکاتەوە، ئەمەش واتای وایە تێچووی خەرجی بە رێژەی 60٪ کەم دەبێتەوە".
بەکارهێنانی وزەی خۆر، لە عێراق سنوودارە، تائێستا بەکارهێنانی لە پیشەسازیی نەوتی عێراق لە قۆناخی ئەزمووندایە. عێراق بەوە ناسراوە هاوینی گەرم و درێژە. پڕۆژەکە لە مانگی شوبات دەستپێکردووە، پێشبینیدەکرێت ساڵانە نیوەی پێداویستی وزەی کێڵگەکە دابین بکات .
خەلیل ناهی عاسی دەڵێت، "وەک دەزانرێت، وزەی خۆر، وزەیەکی پاکە، ناوچەکەمان گیرۆدی دەردانی گازی دووانۆکسیدی کاربۆنە. 60٪ سووتاندنی گازمان کەمکردووەتەوە، ئەوەش واتای وایە ئێمە 60٪ دەردانی گازە ژەهراوییەکانمان کەمکردووەتەوە، بۆ ژینگەی دەوروبەر".
عێراق گرێبەستی دامەزراندنی ژمارەیەک وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لە رێگەی وزەی خۆرەوە لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی واژۆکردووە، بۆ ئەوەی نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن. هاوکات بەنیازە تاوەکو ساڵی 2030، 10 هەزار مێگاوات کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەم بهێنێت. ئێستاش بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی، نزیکەی 13 هەزار مێگاوات کارەبا کورتهێنانی هەیە.