مووچەى حەشدی شەعبی دابەشکرا، پێشنیاز کراوە بخرێنە سەر بانکى دیکە
رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی دەستەی حەشدی شەعبی لەبەردەم کۆمپانیاکانی پارەدان قەرەباڵخییان دروستکرد، دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەممووز دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانیان کرا.
ئەو کێشەیە ئەم مانگە سەریهەڵدا، پاش ئەوەی کۆمپانیای (کى کارد) بۆ گواستنەوەی پارە لە رێگەی ئامێرەکانی (ئەی تی ئێم)ەوە، ئامادە نەبووە مووچە بۆ کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی بگوازێتەوە.
دابەشکردنی مووچەی کارمەندانی حەشدی شەعبی، لانیکەم هەفتەیەک دواکەوتووە.
سەگڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "کێشەی دواکەوتنی مووچەکە ئەوەیە کە کۆمپانیای کى کارد و کۆمپانیاکانی دیکەی پارەدان لە سزادانیان دەترسن لەلایەن ئەمریکاوە، هەرچەندە مووچەى حەشدی شەعبی لە بانکی رافیدەین بەجێکراوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بانکی رافیدەین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە و دووربوون لە ئەگەرى سزادانیان، چەند پێشنیازێکی کردووە، لەوانە: کارمەندانى حەشدی شەعبی بە کاش مووچە وەربگرن، یان لە رێگەی حەواڵەکردنی بۆ بانک و کۆمپانیاکانى پارەدانی دیکەوە بدرێت، یان هەژمارە بانکییەکانیان بگوازرێتەوە بۆ بانکی نەهرەینی ئیسلامی.
بانکی نەهرەینی ئیسلامی سەر بە وەزارەتی دارایی فیدراڵە و خزمەتگوزاریی دارایی پێشکێش دەکات.
دەستەی حەشدی شەعبی، سێشەممە 1ی تەممووز، لە راگەیێندراوێکدا دواکەوتنی مووچەی کارمەندەکانی بە "تەکنیکی" ناوبردووە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەو کێشەیە تەنیا بۆ ئەم مانگەیە، بەهۆی گۆڕانکاری لە سیستمی خەرجکردن و دەڵێت، "ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لەوە دەکەن سزا لەسەر ئەو کۆمپانیایانە هەیە، کە مووچەی حەشدی شەعبی خەرج دەکەن."
دەستەی حەشدی شەعبی زیاتر لە 138 هەزار چەکدار و کارمەندی فەرمیی هەیە، کە مووچە لە حکومەت وەردەگرن.