دادوەرەکانی دادگەی فیدراڵی گەڕانەوە سەر کار و لە داواکاریی خانەنشینبوون پەشیمان بوونەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە (1ی تەممووزی 2025)، پەشیمانبوونەوەی ئەندامانی دادگەی باڵای فیدراڵیی لە داواکاریی خانەنشینبوونیانی راگەیاند.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە سەرۆکایەتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە میوانداریی کۆبوونەوەیەکی بە ئامادەبوونی دادوەرانی دادگەی تەمیزی فیدراڵی، سەرۆکی داواکاری گشتی، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاریی دادوەری و دادگەی باڵای فیدراڵی کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، "ئامادەبووان پیرۆزباییان لە دادوەر مونزر ئیبراهیم، سەرۆکی نوێی دادگەی باڵای فیدراڵی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستەکەی؛ هەروەها سوپاسی ئەندامانی دادگەیان کرد بۆ پاشگەزبوونەوەیان لە داواکاریی خانەنشینبوون."
 
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر میکانیزمەکانی کاری دادوەریی دروست و پابەندبوون بە تایبەتمەندییەکان بەگوێرەی ئەوەی لە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکاندا هاتووە، هەروەها گرنگیی پاراستنی سەربەخۆیی و بێلایەنیی دەسەڵاتی دادوەری و دوورکەوتنەوە لە هەر مامەڵە و کردەوەیەک کە زیان بەوە بگەیێنێت.
 
دوێنێ دووشەممە 30-06-2025 سەرچاوەیەک لە دادگەی باڵای فیدراڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرجەم ئەو دادوەرانەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێش کردبوو، پاش دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگەی فیدراڵی، دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
 
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی، "داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرانە تەنیا زارەکی بووە، نەوەک بە شێوەیەکی فەرمی."
 
دوای داواکارییە زارەکییەکەی دادوەرەکان کە پێکهاتبوون لە شەش دادوەری سەرەکی و سێی یەدەگ، بڕیاردانی دادگەکە تایبەت بە دەرکردنی فەرمانسالارییەک لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەستا.
 
سەرچاوەکەی رووداو لە دادگەی فیدراڵی باسی لەوە کرد، "دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ، دانیشتن لەسەر ئەو داواکاری و سکاڵایانەی کە لەم ماوەیەدا کەڵەکە بوون دەستپێدەکەنەوە."
 
بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی 9 دادوەرەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، کارەکانی ئەو دادگەیەی پەکخست کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق.
 
هۆکاری کێشەکە دوو بابەتی سەرەکی بوو. یەکەمیان ناکۆکی لەسەر رێککەوتنێکی عێراق و کوێت لەبارەی رێکخستنی کەناڵی ئاویی خۆر عەبدوڵڵا و دووەمیشیان هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێکی دادگە لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەوە.
 
یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لیژنەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری داوە بە خانەنشینکردنی دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەکە، بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە. لیژنەکە دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی فیدراڵی وەک شوێنگرەوەی بەربژێرکرد.
 
دوێنێش سەرۆککۆماری عێراق، مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن وەک سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی دەرکرد.