لە نەخۆشخانەیەکى دەروونیی بەغدا 160 سپلیت دیار نامێنن
رووداو دیجیتاڵ
لە نەخۆشخانەیەکى دەروونیی بەغدا 160 سپلیت دیار نامێنێنن، بەهۆیەوە بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە لە پۆستەکەى دوور دەخرێتەوە و لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەش لەسەر دیارنەمانى ئەو ئامێرانە پێکدەهێندرێت.
بەگوێرەى نووسراوێکى فەرمیی جاسب لەتیف، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى تەندروستیى رەسافە لە بەغدا و بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی سەردانى مەیدانیی تیمێکى وردبینى فەرمانگەکە، 160 ئامێرى فێنککەرەوە لە نەخۆشخانەى فێرکارى رەشاد بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان دیار نەماون.
بەگوێرەى نووسراوەکە، بڕیادراوە بە دەستپێلەکارکێشانەوەى عەلى رشید روکابی، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە و لەبرى ئەو بەڕێوەبەرى هۆبەى هونەرى نەخۆشخانەکە، ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.
رۆژی یەکى ئابى 2023، ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو 160 سپلیتە تەنیا لەسەر کاغەز هەن و کڕدراون و پارەى بۆ خەرجکراوە بەبێ ئەوەى لەو نەخۆشخانەیە هەبن، ئەمڕۆ لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لە وەزارەتى تەندروستى سەردانى نەخۆشخانەکە دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە.
ماجید شنگالى گوتى: "ئەو نەخۆشخانەیە کێشەی زۆرە، پێشتر لیژنەکان چەند جارێک سەردانیان کردووە، نەخۆشەکانى لە باخچە و راڕەوەکانیدا دەخەون، بەهۆى نەبوونى ئامێرى فێنککەرەوە".
هەر لە بڕیارەکەدا هاتووە، دەبێت هۆبەى پشکنینى ئەو نەخۆشخانەیە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات لەسەر دیارنەمانى ئەو فێنککەرەوانە.