دەزگای شەهیدانی عێراق داوای زیاتر لە 704 ملیار دینار لە وەزارەتی دارایی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی شەهیدانی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا لە دژی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تۆمار دەکات، بۆ ئەوەی زیاتر لە 704 ملیار دیناری بۆ خەرج بکرێت، کە لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق پێی نەدراوە.
سکاڵاکە لەلایەن عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان، لە دژی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق تۆمارکراوە.
بەگوێرەی سکاڵاکە، ئەو دامەزراوەیە داوای کردووە وەزیری دارایی ناچار بکرێت بە خەرجکردنی 704 ملیار و 54 ملیۆن و 996 هەزار و 700 دینار بۆ دامەزراوەی شەهیدان وەک تەرخانکراوی دارایی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025، کە بۆی خەرج نەکراوە.
شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند جارێک میوانداریی دامەزراوەی شەهیدانیان کردووە و گلەیی ئەوەیان هەبووە کە بودجەکەیان بەتەواوی بۆ خەرج ناکرێت و لیژنەکە چەند کۆبوونەوەیەکی لەسەر ئەو پرسە کردووە."
لە سکاڵاکەدا هاتووە کە ئەو پارەیە تەرخانکراوە بۆ خەرجیی بەکاربردن و چاککردنەوە و تۆڕی کۆمەڵایەتی و مووچەی کەسوکاری قوربانییانیش دەگرێتەوە.
دادگەی باڵای فیدراڵی، سێشەممەی داهاتوو 5ی ئایاری 2024ـی دیاری کردووە بۆ ئەوەی یەکەم دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو سکاڵایەوە بکرێت.
پشکی ساڵانەی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق لە بودجەى گشتى 483.2 ملیار دینارە؛ 464 ملیار دیناری بۆ خەرجیی بەکارخستنە.