وەزارەتی ناوخۆی عێراق: رێگری لە سووریاییەکان ناکرێت سەردانی کەربەلا بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی لیژنەی ئەمنیی باڵای زیارەتە ملیۆنییەکان، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە رێگریکردن لە چوونی سووریاییەکان بۆ عێراق دەکەن.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی لیژنەی ئەمنیی باڵای زیارەتە ملیۆنییەکان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، "هەموو ئەو کەسانەی ڤیزای فەرمییان هەیە، ئینجا بۆ مەبەستی گەشتیاری بێت یان زیارەت، رێگەیان پێدەدرێت بە شێوەیەکی ئاسایی بێنە نێو خاکی عێراقەوە، ئەوەش بەپێی رێکارە یاساییە پەسندکراوەکان."
 
میقداد میری داوا لە میدیا و هاووڵاتییان دەکات "وردبن و شوێن دەنگۆ نەکەون." ئاماژە بەوەش دەکات، "جەخت لە پەرۆشیی خۆمان دەکەینەوە بۆ ئاسانکاریکردن بۆ هاتنی زیارەتکاران لە وڵاتانی جیاوازەوە، بە شێوەیەک کە وێنەی عێراقی میواندۆست نیشانبدات و ئاسایش و سەلامەتیی هەمووان پارێزراو بێت."
 
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 14ی مانگی ئاب. بۆ ئەو مەبەستە زیارەتکارەکان سەردانی کەربەلا دەکەن.