بازرگانان دەتوانن کاڵا هاوردەکراوەکانیان لە رێگەی کەرکووکەوە بنێرن بۆ عێراق

رووداو دیجیتاڵ

لەمەودوا ئەو بارهەڵگرانەی کاڵای هاوردەکراو لە هەرێمی کوردستانەوە دەهێننە نێوەڕاست و باشووری عێراق، دەتوانن لە رێگەی بازگەکانی کەرکووکەوە دەرباز بن کە پێشتر رێگەپێدراو نەبوو. بە گوتەی خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە، ئەو هەنگاوە گرنگە و تێچووی گواستنەوەی کاڵاکان کەم دەکاتەوە.
 
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی نێوان رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و محەممەد کەمال عەلی، یاریدەدەری فەرماندەی هێزەکانی سنوور بۆ کاروباری گومرگ و عەلی جەمال، بەڕێوەبەری گومرگی باکوورى سەر بە حکومەتی فیدراڵی دراوە، کە 31ی تەممووز لە کەرکووک کراوە.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، لەمەودوا ئەو بارهەڵگرانەی کە کاڵا لە ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکەن، دەتوانن لە رێگەی بازگەکانی کەرکووکەوە دەرباز بن و جیاوازیی گومرگیی نێوان هەولێر و بەغدا بدەن.
 
بەگوێرەی رێکارەکانی دەستەی گومرگی عێراق، ئەو کاڵایانەی لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێن، لەکاتی دەربازبوونیان بۆ نێوەڕاست و باشوور، تەنیا جیاوازی بڕی گومرگ وەردەگیرێت کە لە نێوان گومرگیی هەولێر و بەغدا هەیە.
 
بەر لەو بڕیارە، ئەو بارهەڵگرانە تەنیا دەیانتوانی لە رێگەی بازگەکانی نەینەوا و دیالەوە ببرێنە نێوەڕاست و باشوور و لەوێوە ئەو جیاوازى گومرگەیان لێ وەردەگیرا.
 
حامی هەرکی، خاوەنی کۆمپانیای ئارک ستار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هەنگاوە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی کاڵای هاوردەکراو دەکات لە رێگەی تورکیا و ئێرانەوە، بەوپێیەی ماوە و تێچووی گواستنەوەی کاڵاکە بۆ کەرکووک کەم دەکاتەوە."
 
دوو بازگەی سەرەکی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک هەن، لە سنووری هەولێر و سلێمانی.
 
حامی هەرکی دەڵێت، پێشتر ئەگەر بارێک بۆ کەرکووک بگوازرابایەوە، دەبوو لە رێگەی نەینەواوە ببرێت کە 8 بۆ 10 رۆژی پێدەچوو بەهۆی قەرەباڵخیی بازگەکەوە. ئەوە جگە لەوەی کە بۆ گواستنەوەی هەر بارێک لە رێگەی بارهەڵگرێکی عێراقییەوە دەبوو 800 دۆلار بدەی، بەڵام لە رێگەی کەرکووکەوە نزیکەی 300 هەزار دیناری تێدەچێت.