عەجاجی نوگرەسەلمان دەستگیرکرا؛ 'بۆ چەواشەکاری کەسوکارەکەی بانگەشەی مردنیان کردبوو'

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی عەجاجی نوگرەسەلمانی راگەیاند و دەڵێت، کەسوکارەکەی بۆ چەواشەکردنی دەزگا ئەمنییەکان، بانگەشەی مردنییان کردبوو.
 
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، "لە درێژەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بۆ راوەدوونانی تاوانبارانی رژێمی پێشوو، دوای بەدواداچوونێکی وردی هەواڵگری، کە زیاتر لە 6 مانگی خایاند، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی پارێزگای موسەننا، بە هاوئاهەنگیی دەزگا ئەمنییەکانی باشووری سەلاحەدین، توانییان یەکێک لە داواکراوە سەرەکییەکان لە رژێمی پێشوو دەستگیر بکەن کە تۆمەتباری هەڵاتوو، عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە حەجاجی نوگرەسەلمانە."
 
عەجاج ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتییە، خەڵکی شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدینە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەکەی سەدام حوسێن.
 
بەگوێرەی دەزگاکە، عەجاج چەندین پۆستی ئەمنیی هەبووە، لەوانەش ئەفسەری کەرتی رومێسە، ئەفسەری کەرتی نەجمی، ئەفسەری کەرتی هیلال، ئەفسەری کەرتی پارێزگای موسەننا، ئەفسەری کەرتی بوسەییە و دواجاریش ئەفسەری کەرتی نوگرەسەلمان بووە.
 
 
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، عەجاج لە سنووری کەرتەکانی ژێر دەسەڵاتیدا بەشداریی لە چەندین "لەسێدارەدان و شاردنەوەی قوربانییان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا کردووە."
 
بەگوێرەی دەزگاکە، "تۆمەتبارەکە لە سەردەمی دیکتاتۆریدا، زنجیرەیەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر سەتان هاووڵاتیی عێراقی ئەنجامداوە، بەتایبەتی ئەو کوردانەی بەزۆر بۆ پارێزگای موسەننا دوورخرابوونەوە، کە تاوانەکانی بریتی بوون لە ئەشکەنجەدان، کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی لەنێو زیندانە بەدناوەکاندا."
 
وەکو ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی پێدەکات، کەسوکارەکەی عەجاج بۆ "چەواشەکردنی" دەزگا ئەمنییەکان بانگەشەی مردنییان کردووە، "بەڵام هەوڵی هەواڵگری و شیکردنەوەی زانیارییەکان و بەراوردکردنیان لەگەڵ دانپێدانانەکانی پێشوو، بووە هۆی ئاشکراکردنی شوێنەکەی و دیاریکردنی شوێنی خۆحەشاردانی لە پارێزگای سەلاحەدین."
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر و تۆمارکردنی گوتەی قوربانییەکان و سکاڵاکاران، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە ئەنجامدرا و رەوانەی لایەنە تایبەتمەندەکان کرا بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە دژی."
 
ساڵی 1988 لە هەڵمەتێكی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا بە 8 قۆناخ پرۆسەی ئەنفالی كورد بەڕێوەچوو.
 
ئەوانەی لە ئەنفالدا دەستگیركران، لە قۆناخی دواتردا لە یەكدی جیاكرانەوە، گەنجەكان لەلایەك و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەكانیش لەلایەكی دیكە. گەنجەكان بە پاس بەرەو چاڵەكانی مەرگ رەوانە كران، ئەوانی دیكەش بەرەو زیندانی مەترسیدار و تۆقێنەری نوگرە سەلمان لە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە گوێزرانەوە.
 
ئەوانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەربوون، لەلایەن جەللادێكەوە ئەشكەنجە دەدران کە عەجاج تكریتی بوو و لای کوردانی نوگرە سەلمانیش بە حەجاج ناودەبرا.