کەریم عێراقى کۆچى دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ

کەریم عێراقى هەڵبەستڤانی ناودارى عێراقى لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى ئیماراتى عەرەبی کۆچى دواییکرد.
 
عارف ساعدى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى رۆشنبیرى لە  ئەکاونتی تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک کۆچى دوایی کەریم عێراقى بڵاوکردەوە. 
 
عارف ساعدى رایگەیاندووە: "بەیانى ئەمڕۆ هەینى یەکى ئەیلوول، کەریم عێراقى لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان شارى ئەبوزەبى لە ئیماراتى عەرەبی کۆچى دواییکردووە."
 
کەریم عۆدە، کە بە کەریم عێراقى ناوى دەرکردووە، ساڵى 1955 لە بەغداى پایتەخت لە دایکبووە، خاوەن بڕوانامەى دبلۆم بووە لە بوارى  زانستى دەروونناسی و میوزیکى منداڵان لە پەیمانگەى مامۆستایانى بەغدا.
 
هەندێک لە هۆنراوەکانى کەریم عێراقى لەلایەن گۆرانبێژى بەناوبانگى عێراقى کازم ساهیر کراونەتە گۆرانى.