فڕۆکەخانەی موسڵ بۆ 10 ساڵ دەدرێتە کۆمپانیایەکی بەریتانی

 
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی واژۆدەکات بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ 10 ساڵ خستنەکاری فڕۆکەخانەی موسڵ بگرێتە دەست.
 
ئەو گرێبەستە لە سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ پارێزگای نەینەوا واژۆدەکرێ کە ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئەیلوول ئەو سەردانە دەکات.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو سەردانەی سەرۆکوەزیراندا گرێبەستی خستنەکاری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی واژۆ دەکرێ، دوای گرێبەستەکە دەزانرێ کەی فڕۆکەخانەکە دەکەوێتەکار.
 
10ی ئابی 2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق بەردی بناخەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵی دانا.
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووە ئەو گرێبەستە هاوبەش دەبێت لەنێوان کۆمپانیا بەریتانییەکە و هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ ئەوەی پڕۆژەی کارپێکردنی فڕۆکەخانەکەی بۆ 10 ساڵ پێ بدرێ کە خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانەکە دەگرێتەوە.
 
بودجەی ئەو پڕۆژەیە 200 ملیار دینارە و نیوەی لە پارەی بلۆککراوی پێشووی پارێزگای نەینەوایە لە سەردەمی شەڕی داعش و نیوەکەی دیکەی لە بودجەی یاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێ.
 
عەممار بەیاتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ دەڵێ: "فڕۆکەخانەکە 100% ئامادەیە و تەنیا چاوەڕێی تاقیکردنەوەی کۆمپانیا کارپێکەرەکەی دەکەین و دەستپێکردنی کاری فڕۆکەخانەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەبێ."
 
لەو سەردانەیدا بۆ نەینەوا، سوودانی مزگەوتی نووری لە موسڵ و کەنیسەیەکیش دەکاتەوە.