وەزیری نەوتی عێراق بۆ رووداو: پلانمان هەیە ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنینە 5.5 ملیۆن بەرمیل
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانیان بۆ واژۆکردنی چەند گرێبەستێک هەیە بۆ کێڵگەکانی نەوتی بەسرە، حەمرین، کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە، بە ئامانجی ئەوەی ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێننە 5.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. دەشڵێت، 28 کۆمپانیای ئەمریکی لە بواری وزە لە عێراق کار دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی لەگەڵ وەزارەتەکەمان کاردەکەن 28 کۆمپانیای ئەمریکین، دیارترینیشیان کۆمپانیای KBR، هۆنی وێڵ، هالیبێرتن، شلومبێرجێر، بەیکەر هیوز، وێزەرفۆرد و وود گرووپ؛ لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای خزمەتگوزاری و بەڵێندەری لاوەکی."
سەبارەت بە کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆن، رێککەوتنێکی بنەڕەتیمان هەیە سەبارەت بە بلۆکەکانی نەوت و کێڵگەکانی ناسریە و بەلەد بۆ پەرەپێدانیان، لە داهاتووشدا کۆمپانیاکە کار دەکات بۆ فراوانکردنی ئەو پڕۆژە گشتگیرانەی پێی دەسپێردرێت لە کەرتی وزەدا."
حەیان عەبدولغەنی دەڵێت، لەگەڵ کۆمپانیای BP دوو گرێبەستیان هەیە، کە لە کێڵگەکانی رومێلە و کەرکووکن؛ "گرێبەستی رومێلە بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی رومێلەی باکوور و باشوورە، بۆ گەیشتن بە 1,800,000 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. گرێبەستەکەی دیکە بۆ چوار کێڵگەیە هەر لە کەرکووک، بۆ گەیشتن بە بەرهەمهێنانی نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا."
وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "پلانمان هەیە بۆ واژۆکردنی چەند گرێبەستێک بۆ کێڵگە و بلۆکەکانی نەوتی ناسریە، بەسرە، حەمرین، عەجیل، کەرکووک و مەیسان."
عێراق لەدوای سعودیە، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپیک؛ رۆژانە نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەو بڕەش نزیکەی 3.3 ملیۆنی هەناردە دەکات.
بە گوتەی حەیان عەبدولغەنی، پلانەکە ئەوەیە، ئەم ساڵ توانای بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێندرێتە "5.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا"؛ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانیش لە رێگەی، "فراوانکردنی کارەکانی هەڵکەندنی بیر و چاککردنەوەی بیرە کۆنەکان، دروستکردنی وێستگە و هێڵی بۆری، لەگەڵ راکێشانی بڕێکی زیاتری ئاو بۆ پاراستنی پەستانی نێوخۆیی کێڵگەکان." دەبێت.
لەبارەی کارەکانی کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسی، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "کۆمپانیای تۆتاڵ لە کێڵگەی ئەرتاوی و کێڵگەی حەلفایە کاردەکات، کە کارەکانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی گشتگیریی باشووری عێراق پۆلێن دەکرێت." دەشڵێت، "رێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ بۆ ماوەی 30 ساڵ بەردەوام دەبێت و نزیکەی 40 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت."
نەوتی عێراق 70%ی لە پارێزگای بەسرەیە و، بەرهەمهێنانی رۆژانەی دەگاتە نزیکەی 3.25 ملیۆن بەرمیل.
وەکو وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی پێدەکات، یەکێکی دیکە لە کارەکانی کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی لە بەسرە، "پەرەپێدانی بەرهەمهێنانە لە کێڵگەی ئەرتاوی بۆ 210 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لەگەڵ وەبەرهێنان لە 600 مەقمەق لە رۆژێکدا لە گازی چوار کێڵگەی بەسرە و پڕۆژەی راکێشانی ئاوی دەریا بۆ کێڵگەکان."
دەشڵێت، "هەر لە بەسرە، کۆمپانیای تۆتاڵ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە بەکارهێنانی وزەی خۆر گرتووەتە ئەستۆ، بە توانای 1000 مێگاوات."