عەلی سیستانی پرسەدانان بۆ هاوژینەکەی قەدەخەدەکات
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، نابێت لە پارێزگاکانی عێراق پرسە بۆ هاوژینی سیستانی دابنرێت.
شەوی سێشەممە 30-09-2025 نووسینگەی عەلی سیستانی راگەیێندراوێکی لەبارەی دانانی پرسە بۆ هاوژینە کۆچکردووەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئاگاداری برایانی بەڕێز دەکەینەوە کە رێگەپێدان نییە پرسە بۆ هاوژینی خوالێخۆشبووی بەڕێز سیستانی لە پارێزگاکان دابنرێت."
رۆژی یەکشەممە 28ی ئەیلوولی 2025 هاوژینی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆچی دواییکرد، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی لە شاری نەجەف بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی ئایینی و هاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
رۆژی دووشەممە 29ی ئەیلوولی 2025 فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی کورد بەشداریی پرسەکەی کرد، لەکاتی پرسەکەدا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "هاتووین و بەشداریمان لە پرسەکەدا کردووە، سەرەخۆشیی خۆمان پێشکێش کردووە بە سەماحەتی مەرجەعییەت و رێزداران و پەیڕەوانی مەرجەعییەت و هەموو ئامادەبووان."
فوئاد حوسێن گوتیشی، "بەناوی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردەکانی کورد سەرەخۆشیمان پێشکێش کردووە بە مەرجەعیەت و ئامادەبووان، تکاکارین لە خوای گەورە و باڵادەست، جێگەی کۆچکردوو بەهەشتی بەرین بێت و مەرجەعی باڵا و رۆڵەکانی ساخ و سەلامەت و تەندروست بن."