ئەمریکا ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق کەم دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) وردەکارییەکانی قۆناخی نوێی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەخاتەڕوو و ئاماژە بە کەمکردنەوەی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2025 شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی داهاتووی ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق گوتی، "بەپێی ئاراستەی سەرۆک و هاوتەریب لەگەڵ لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکا - عێراق و ئەو راگەیێندراوە هاوبەشەی لە 27ی ئەیلوولی 2024 دەرچوو، ئەمریکا و هاوبەشەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکە ئەرکی سەربازییان لە عێراق کەم دەکەنەوە."
 
27ی ئەیلوولی 2024 ئەمریکا و عێراق گۆڕانکارییەکی بەرچاویان لە هاوئاهەنگی سەربازیی نێوانیان راگەیاند، کە بریتییە لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی جەنگیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا دژی داعش لە عێراق.
 
پێنتاگۆن باس لەوە دەکات کە ئەو کەمکردنەوەیە تەنیا هەنگاوێکی سەربازی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژییەتێکی فراوانتر بۆ گواستنەوە بەرەو "هاوبەشییەکی ئەمنیی درێژخایەن" لەنێوان واشنتن و بەغدا.
 
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا دەڵێت، ئەم هاوبەشییە نوێیە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی بنیات دەنرێت: پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا، رێزگرتن لە دەستووری عێراق و پابەندبوون بە رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو هاوبەشییە نوێیە تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرێتەوە، بەڵکو ئاسانکاری بۆ بوارەکانی دیکەش دەکات. پارنێڵ دەڵێت، "ئەم هاوبەشییە پشتگیریی ئاسایشی هەردوو وڵات دەکات، لە هەمان کاتدا توانای عێراق بۆ بەدیهێنانی گەشەی ئابووری، راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و گێڕانی رۆڵی پێشەنگایەتی لە ئاستی هەرێمی بەهێزتر دەکات."
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن دڵنیایی دەدات کە حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتییەکە، بۆئەوەی دڵنیاببنەوە کە پرۆسەی گواستنەوەکە بە شێوەیەکی رێکخراو و سەلامەت بەڕێوەدەچێت.