وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 168 هەزار ئەفسەر و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان ئەمنییەتی هەڵبژاردن دەپارێزن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان سەرکردایەتی دەکات، سەرجەم رێکارە ئەمنییەکانی خۆی تایبەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن تەواو کردووە.
 
عەمید میقداد میری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "وەزارەتی ناوخۆ بەشدار دەبێت لە پاراستنی 7 هەزار و 47 بنکەی دەنگدانی گشتی و 598ی دەنگدانی تایبەت."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەو کارمەندانەی ئەرکە ئەمنییەکانیان لەنێو بنکەکانی دەنگدان دەبێت، ژمارەیان 9 هەزار و 932 ئەفسەرە، هەروەها 158 هەزار و 162 کارمەندی هێزی ئەمنی بەشدار دەبن لە پاراستنی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان و کۆی پڕۆسەکە بە گشتی.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی دەنگدان دا، سەرجەم هێزەکانیان لە ئامادەیی (نمرە جیم) دا دەبن.
 
عەمید میقداد میری دڵنیایی دا لەوەی پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەبێ گرفت تێدەپەڕێت و گوتی، "ئەوانەی کە دەگوترێن ناڕاستن، هیچ پێشێلکارییەکی ئەوتۆ لە ماوەی بانگەشەی دەنگداندا تۆمار نەکراوە کە گرفت بۆ پڕۆسەی دەنگدان دروست بکات."
 
لەبارەی بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندەکان ئاشکرای کرد، "لە مانگی رابردوودا بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندە بەرزبوو، ئامانج لێی پشێوی بوو بۆ سەر پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەو مانگەدا 526 پڕوپاگەندەمان تۆمارکرد."
 
رۆژی 9ـی 11ـی 2025 دەنگدانی تایبەت لە 809 بنکە و 4,501 وێستگە بەڕێوەدەچێت، رۆژی 11ـی 11ـی 2025  دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت.