حەوت کوردی ئێزدی خۆیان بۆ کورسی کۆتا بەربژێر کردووە و هەندێکیان لەنێو لیستە کوردستانییەکانن


رووداو دیجیتاڵ

حەوت کوردی ئێزدی خۆیان بۆ تاکە کورسیی کۆتای ئێزدییەکان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەربژێر کردووە، یەکێک لە بەربژێرەکان دەڵێت، پشکیان کەمە و پێویستە لایەنی کەم بکرێتە چوار کورسی، هاوپەیمانییەکی ئێزدییش بە لیستێکی تایبەت و بە 32 بەربژێرەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات.
 
لە پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکان دیاریکراوە، یەکێکیان بۆ کوردانی ئێزدییە، کورسییەکەش دەکەوێتە بازنەی نەینەوا.
 
حەوت بەربژێر کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییە دەکەن، کە بریتین لە:
 
- خەیری ناسر رەشۆ قاسم (ژمارە: 295)
- نایف خەلەف سەیدۆ شەمۆ (ژمارە: 298)
- خالید سەیدۆ عوزێر خەلەف خالیدی (ژمارە: 301)
- قەیسەر حەیدەر کالۆ سلێمان (ژمارە: 306)
- حوسێن سەعید حەجی ئیلیاس (ژمارە: 315)
- خەلەف قەرۆ سلێمان مەتۆ (ژمارە: 316)
- سائیب خدر نایف فارس (ژمارە: 334)
 
خالید سەیدۆ عوزێر، یەکێک لە بەربژێرەکان، ئەمڕۆ شەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پشکی کۆتای ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق زۆر کەمە، پێویستە لایەنی کەم چوار کورسی بۆ کۆتای ئێزدی تەرخان بکرێت."
 
کوردی ئێزدی، مەسیحی و تورکمان گلەییان لە کەمی نوێنەرایەتییان هەیە لە پەرلەمانی عێراق، خالید سەیدۆ دەڵێ: "ئەگەر سەربکەوم دەبمە دەنگ و رەنگی راستەقینەی ئێزدییەکان و بەرگری لە مافەکانیان دەکەم.''
 
خالید خالیدی، ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدیی رفێنراو چارەنووسیان نادیارە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014ـدا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنران. هەروەها ژمارەیەکی زۆریان قەرەبوو نەکراونەتەوە و شایستەی دارایی خۆیان وەرنەگرتووە، بۆیە پێشینەی کارەکانم ئەو مافانە دەبێ.''
 
سەرەڕای هەوڵەکان بەڵام دۆخی شنگال ئاسایی نەبووەتەوە، بەرپرس و بەربژێرانی کوردی ئێزدی هەروەها خەڵکیش داوای ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکەیان دەکەن،بەڵام جگە لە ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە کێشەی دیکەش هەن، خالید خالیدی دەڵێ :" "رووفاتی زۆر لە پزیشکی دادی ماونەتەوە پێویستە ناسنامەیان دیاری بکرێت."
 
 ئەو بەربژێرە داوای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئێزدی نشینەکان، بەتایبەتی شنگالی کرد.
 
جگە لە بەربژێرانی کۆتا، چەند کوردێکی ئێزدی دیکە لەنێو لیستەکانی دیکەدا خۆیان بەربژێر کردووە، بەتایبەتی لەنێو لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت، 10 کوردی ئێزدی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەربژێر کردووە.
 
ڤیان دەخیل، ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراق و گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، جارێکی دیکە وەکو ژنە کوردێکی ئێزدی خۆی بەربژێر کردووەتەوە. ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکەم کاری سەرەکییان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بریتی دەبێت لە داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال وەکو خاڵێکی سەرەکی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی قەزاکە، هەروەها کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ژن و کچانی ئێزدیی رفێنراو، تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ شنگال بەمەبەستی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەگەڵ پێشکێشکردنی پرۆژەیاسای ناساندنی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی." 
 
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، نایف خەلەف سەیدۆ شەمۆ کورسیی کۆتای ئێزدییەکانی بەدەستهێنا و بووە پەرلەمانتار، ئێستاش جارێکی دیکە خۆی بەربژێر کردووەتەوە.
 
پێنج کوردانی ئێزدی لە خولی پێنجەمدا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوون، سێیان لە لیستی پارتی (مەحما خەلیل، شەریف سلێمان و ڤیان دەخیل)، یەکێکیان یەکێتی (رۆنزی زیاد سەیدۆ بەگ) و یەکێکی دیکەیان لەسەر کورسیی کۆتا بوو کە نایف خەلەف سەیدۆ شەمۆ بوو.
 
جگە لەمانە، هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی (تحالف القضية الايزدية) بە ژمارە 287 لە پارێزگای نەینەوا بە لیستێکی 32 کەسییەوە بەشدارە و سەرۆکی لیستەکەیان سامر نایف خەلەف بەکر شەهەوانییە، حەیدەر شەشۆ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێزدی و فەرماندەی هێزی ئێزدخان لە شنگال رۆژی 29-10-2025 بە رووداوی راگەیاند: "دەنگی کوردانی ئێزدی زیاتر بۆ پارتی و یەکێتی دەبێ، لیستی نوێ هەن، بەڵام دەنگێکی ئەوتۆ بەدەستناهێنن .''