ئەم هەڵبژاردنە "کەس پەنجەی مۆر ناکات"
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری کۆمیسیۆن، مرەکەبی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق بەکارناهێنرێت و کەس رۆژی دەنگدان پەنجەی مۆر ناکات. کۆمیسیۆن دەڵێت، لە رێگەی پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی و کارتی دەنگدانەوە رێگە لە دەنگدانی دووبارە دەگرن.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرجەم پێداویستییەکانی دەنگدانی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو ئەو مرەکەبەی نەناردووە کە دەنگدەر لە دوای دەنگدانی پەنجەی پێ مۆر دەکات.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاردراوە لەم هەڵبژاردنەدا پەنجەمۆری دەنگدان بەکارنەهێریت چونکە زیادەیە و پێویست نییە."
باسی لەوەشكرد، ئامێرەکانی دەنگدان بە تایبەت کە سیستمی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان هەیە؛ زیرەکن و هەموو زانیارییەکانی دەنگدەر کە پێکهاتوون لە پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی، وێنە و زانیارییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن رێگری لە دووبارە دەنگدانەوەی دەنگدەران دەگرن.
بە گوتەی بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سیستمێکیان چالاک کردووە کە لە دوای دەنگدانی هەر دەنگدەرێک کارتەکەی بۆ ماوەی 72 کاژێر رادەگیرێت و لە هەر ئامێرێکی دەنگدان بدرێت نیشانی دەدات کە دەنگی داوە.
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەی دڵنیایی دەدات لە دووبارە نەبوونەوەی دەنگ، هاوکات دڵنیایی لە ئاشكرانەبوونی دەنگی دەنگدەرانیش دەدات.
دڵنیایی لە نهێنی پرۆسەی دەنگدان دەدرێت
ئارام برادۆستی بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و شارەزای بواری هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سیستمی ئەلکترۆنیدا مرەکەبی پەنجە مۆرکردن زیادەیە و پێویست نییە، هاوشێوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئێمەش دڵنیایی دەدەین کە رێکخستنی سیستمەکە رێگری لە دووبارە دەنگدانەوەی دەنگدەر دەکات.
سەبارەت بە نهێنیی پرۆسەی دەنگدانیش، ئارام برادۆستی جەختی کردەوە، تەنیا دەنگدەر خۆی دەزانێت دەنگی بە کێ داوە، مەگەر کەسێک نەخوێندەوار بێت و کەسێکی دیکەی لەگەڵدا بێت و ئەو کەسەش بزانێت، ئەگەرنا هیچ رێگەیەک بۆ ئاشكرابوونی دەنگ نییە.
زۆرینەی کات دوای هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێک لە لایەنە بەشدارەکان رەخنە لە بێگەردی پرۆسەکە دەگرن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی پار کرا، کۆمەڵی دادگەری کوردستان 3 کورسی بەدەستهێنا و رەتیکردەوە بەربژێرانی سەرکەوتووی بنێرێتە پەرلەمان و رایگەیاند، ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن کراوە.
بە گوتەی ئارام برادۆستی، لەم هەڵبژاردنەدا کۆمیسیۆن پێداچوونەوەی بە رێکارەکانیدا کردووە تاوەکو نیگەرانییەکان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن کەمبکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پرۆسەکە ئەلکترۆنیە، دەکرێت چەند گرفتێک بێنە پێشەوە کە کۆمسیۆنیش پێشبینیان نەکات.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە رۆژانی 9 و 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بکرێت، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە، دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.
فۆرمەکانی دەنگدان بەپێی پێوەری تووندی ئەمنیی چاپ کراون و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە؛ لەوانە لەبەرنەگرتنەوە، نیشانەی ئەمنیی شاراوەیان لەسەرە و رەنگی جیاواز، تەنیا بە ئامێر و تاقیکردنەوەی تایبەت دەدۆزرێتەوە، کۆمیسیۆن دڵنیایی دەدات "ساختە و دەستکاری ناکرێن."