گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لە ماوەی 20 ساڵدا.. چەند رووخسارێک نەماون و هەندێکیش بە کورسییەوە چەسپاون
رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراق دوای گۆڕینی رژێمی سەدام حوسێن لە 30ی کانوونی دووەمی 2005 کرا. لەو کاتەوە تاوەکو شەشەمین هەڵبژاردن کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بکرێت، ژمارەیەک ناوی سیاسیی سەرکردە نەمان. هەندێکی دیکە دەرکەوتن و روخساری نوێ هاتنە پێشەوە. هەندێک سەرکردەش دەستبەرداری سەرۆکایەتیی پارتەکانیان نەبوون و تاوەکو ئێستا چەسپاون.
دەکرێت کەتوار (واقیع) و هیواکانی دیارترین سەرکردە سیاسییەکان دابەش بکرێت بۆ ئەوانەی لە گۆڕەپانەکە کشاونەتەوە، ئەوانەی هیواخوازن یان چاویان بڕیوەتە گەڕانەوەیەکی بەهێز و ئەوانەشی لەسەر کورسیی چاوەڕوانی یان یەدەگ دانیشتوون بۆ ئەوەی دەرفەتێکی دیکە بەدەستبهێنن.
عەللاوی لەنێوان مانەوە و رۆیشتندا
ئەیاد عەللاوی، وەک یەکەمین سەرکردەی عێراقی دەرکەوت، سەرۆکایەتیی حکومەتی کاتیی عێراقی گرتە ئەستۆ، کە دوای ئەنجوومەنی حوکمی عێراقی هات، لەنێوان 28ی ئایاری 2004 تاوەکو 6ی نیسانی 2005. بەمەش بووە یەکەم سەرۆکوەزیران دوای گۆڕینی رژێمی سەدام حوسێن.
ئەو، سەرکردەی هاوپەیمانیی عێراقییە بوو کە لە هەڵبژاردنی 2010دا بە 91 کورسیی پەرلەمانی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. بەڵام هاوپەیمانیی شیعە رێگرییان لێکرد لە پێکهێنانی کابینەکە و مافەکەیان بە نووری مالیکی بەخشی، کە هاوپەیمانییەکەی دەوڵەتی یاسا، بە 89 کورسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا. ئەمەش کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی بۆ پڕۆسەی سیاسی هەبوو.
عەللاوی لە نێوان گۆڕەپانی سیاسی یان دوورکەوتنەوە لێی مایەوە، بەبێ ئەوەی بە تەواوی لە گۆڕەپانەکە بکشێتەوە. پۆستەکەی بە کچەکەی (سارا عەللاوی) بەخشی کە بەربژێری نێو هاوپەیمانیی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان)ـە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
عەلاوی، لە دوایین هەڤپەیڤینی کە لە 15ی شوباتی 2025 بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئەنجامیدا، حەزی بە مانەوە لە پڕۆسەی سیاسی نیشاندا لە رێگەی راگەیاندنی پێکهێنانی "گردبوونەوەی مەدەنیی نیشتمانیی عێراقی" بە سەرۆکایەتیی خۆی.
عەللاوی گوتی: "گردبوونەوەکەمان پارت و کەسایەتیی سیاسیی نیشتمانی و ئەکادیمی و چالاکڤانانی سیاسی لەخۆدەگرێت." هەروەها روونیکردەوە: "خاوەنی بیرۆکە و پڕۆژەی پێکهێنانی گردبوونەوەکەم. بیرۆکە سەرەکییەکە لە منەوە دەستیپێکرد، فەلسەفەکەی واتا نیشتمانیبوون و مەدەنیبوون و چۆنیەتیی وەستانەوەمان دژی تایفەگەریی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییەکەی کە عێراقی وێرانکرد."
عەللاوی روونیکردەوە کە هۆکاری دامەزراندنی ئەم گردبوونەوەیە ئەوەیە کە "لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا، عێراق هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵکو پاشەکشە لە دۆخی عێراقدا هەیە. دیارترین نیشانەکانی ئەم پاشەکشەیە ئەوەیە کە وڵات بووەتە گۆڕەپانی گەندەڵی و گەندەڵکاران و، وڵات توانای چارەسەرکردنی ئەم بابەتەی نەماوە. هەروەها تایفەگەریی سیاسی لە دۆخی عێراقدا جێگیر بووە و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانە."
ئەیاد عەلاوی، لە نێوان ساڵانی 2014 و 2015 پۆستی جێگری سەرۆککۆماری وەرگرت. لە 9ی ئابی 2015، حەیدەر عەبادی، کاتێک سەرۆکی حکومەتی عێراق بوو، کۆمەڵێک بڕیار و چاکسازی راگەیاند کە دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی پۆستەکانی جێگرانی سەرۆککۆمار (ئەیاد عەللاوی، نووری مالیکی و ئوسامە نوجێفی) و جێگرانی سەرۆکوەزیران (بەها ئەعرەجی، ساڵح موتڵەگ و رۆژ نووری شاوەیس) بوو، وەک وەڵامێک بۆ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو کاتە.
مالیکی چاوەڕوانی خولی سێیەم دەکات
ئەو دوو خولەی کە نووری مالیکی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران حوکمی عێراقی کرد، مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو. لە خولی یەکەمدا (ئایاری 2006) پۆستەکەی لە ئیبراهیم جەعفەری، سەرۆکی پارتەکەی وەرگرت کە بە ناچاری دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەت کێشایەوە بەهۆی ناڕەزایەتییەکی تووند لەلایەن کوتلە سوننە و کوردییەکانەوە. دۆخی ئەمنی لە سەرەتای خولەکەیدا خراپ بوو، چونکە رفاندن و ئاوارەکردن و شەڕی تائیفی دەستیان پێکرد. بۆیە نووری مالیکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە هەڵبژێردرا.
لە کابینەی دووەمیدا لە ساڵی 2010، بە پشتیوانیی پارتە سیاسییە شیعەکان، رێگری لە ئەیاد عەللاوی کرا بۆ پێکهێنانی حکومەت کە ئەوکات سەرکردەی هاوپەیمانیی عێراقییە بوو و دەبووایە حکومەت پێکبهێنێت، چونکە هاوپەیمانییەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو. لە کاتێکدا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی مالیکی پلەی دووەمی بەدەستهێنابوو، بەڵام مالیکی دروشمی "نایدەین"ـی بەرزکردەوە، کە مەبەستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بوو.
مالیکی، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە کۆتایی ساڵی 2011، هاوکاریی لەگەڵ ئەواندا کرد. دوای زنجیرەیەک شکستی سەربازی بەرامبەر رێکخراوی داعش و هۆزە عێراقییەکان، بەرپرسانی ئەمریکی گوتیان کە پێویستە مالیکی دەستبەرداری سەرۆکایەتیی حکومەت بێت. دوای دوو مانگ، لە 14ی ئابی 2014، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکوەزیران راگەیاند.
لە ماوەی هەشت ساڵی حوکمڕانییەکەیدا (لە 2006 تاوەکو 2014)، تۆمەتەکانی گەندەڵی بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوونەوە، بەوە تۆمەتبار کرا کە سەتان ملیار دۆلار لە گەنجینەی حکومەتدا ون بوون. ئەمڕۆ، مالیکی پلانی گەڕانەوەی بۆ خولی سێیەم بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێگەی پارتەکەیەوە (دەوڵەتی یاسا) دادەڕێژێت.
ساڵح موتڵەگ: رۆیشت و نەگەڕایەوە
ساڵح موتڵەگ، سەرۆکی "بەرەی عێراقی بۆ گفتوگۆی نیشتمانی" یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی کە لە پرۆسەی سیاسی دوورکەوتەوە. موتڵەگ دواتر گەڕایەوە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی عێراقییەی نیشتمانی لەگەڵ عەللاوی هاوپەیمانی کرد و لە نێوان ساڵانی 2010 و 2015 پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقی وەرگرت.
موتڵەگ دوای ئەوەی لە ساڵی 2013 لە پارێزگای ئەنبار بەردباران کرا، لە گۆڕەپانی سیاسی کشایەوە. ئەو کاتە، خۆپێشاندەرانی دانیشتووی گۆڕەپانی ئەلبو فەراج لە باکووری رومادی رێگەیان پێنەدا بچێتە سەر سەکۆی قسەکردن و درووشمیان دژی گوتەوە و بە "درۆزن و ناپاک" وەسفیان کرد. لەو کاتەدا، پاسەوانەکانی تەقەیان کرد و خۆپێشاندەرانیش وەڵامیان دایەوە و تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کرد.
ئوسامە نوجێفی: ئامادەی ونبوو
تاوەکو ئێستاش ناوی ئوسامە نوجێفی، سیاسەتڤان و ئەمینداری گشتیی کۆمەڵی (عێراقییوون) لە ساڵی 2009، کە هاوپەیمانیی لەگەڵ هاوپەیمانی عێراقییەی نیشتمانی کرد، وەک کەسایەتییەکی ئامادەی ونبوو لە پرۆسەی سیاسی هەژمار دەکرێت.
نوجێفی لە 11ی تشرینی دووەمی 2010 تاوەکو ساڵی 2014 پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت، کە بەشێک بوو لە شایستەکانی سەرکەوتنی هاوپەیمانی عەللاوی لە هەڵبژاردنی 2010دا. هەروەها لە نێوان ساڵانی 2014 و 2015 پۆستی جێگری سەرۆککۆماری هەبوو.
نوجێفی بە ئامادە لە پرۆسەی سیاسی دادەندرێت سەرەڕای ونبوونی، چونکە چاودێریی رووداوەکان دەکات و بەشداری لە چالاکییەکانیدا دەکات بەبێ ئەوەی خۆی رابگەیێنێت.
تاریق هاشمی "بە زۆر" کشێنرایەوە
تاریق هاشمی، بە زۆر ناچار کرا لە گۆڕەپانی سیاسی بکشێتەوە، دوای ئەوەی بە تۆمەتی تیرۆر بە غیابی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بچێتە ئیستەنبووڵ و لەوێ بمێنێتەوە.
لە ئیستەنبووڵ وەک جێگری سەرۆککۆماری عێراق مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و لای ئەردۆغان پێگەیەکی تایبەتی هەبوو، چونکە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی حزبی ئیسلامیی عێراقی (کە باڵێکی ئیخوان موسلمین بوو لە عێراق). بەڵام لە ساڵی 2009 رەخنەی لە دابەشبوونی تایفەگەری و پشک پشکێنە گرت و دەستی لە حیزبەکە کێشایەوە. پاشان لیستی 'تەجدید'ی دامەزراند و دواتر چووە ناو هاوپەیمانی عێراقییەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی.
هاشمی لە 30ی کانوونی دووەمی 2013، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی جێگری سەرۆککۆمار راگەیاند، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی مالیکی و هاوسۆزی بۆ ئەنبار.
حەیدەر عەبادی: لەسەر کورسیی یەدەگ
حەیدەر عەبادی، سەرکردەی پێشووی حزبی دەعوە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، لەسەر کورسیی چاوەڕوانی دانیشتووە بۆ وەرگرتنی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتیی حکومەت. سەرەڕای ئەوەی خۆی یان هاوپەیمانییەکەی (نەسر)یان بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر نەکرد.
عەبادی لە 8ی ئەیلوولی 2014 تاوەکو 25ی تشرینی یەکەمی 2018 پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرت. دیارترین دەستکەوتیشی ئازادکردنی مووسڵ بوو لە 9ی تەممووزی 2017 لە دەستی رێکخراوی داعش، دوای ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی سەربازی کە تێیدا هێزەکانی عێراق، پێشمەرگە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەشدارییان کرد.
عادل عەبدولمەهدی؛ ئەو سەرۆکەی تشرینییەکان دەریانکرد
عێراقییەکان یادەوەرییەکی باشیان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرکردەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی نییە، کە لە 25ی تشرینی یەکەمی 2018 تاوەکو 25ی تشرینی دووەمی 2019 سەرۆکایەتیی حکومەتی وەرگرت و خۆپیشاندانەکانی تشرین لە دەسەڵات دووری خستەوە. عەبدولمەهدی لە 30ی تشرینی دووەمی 2019 دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کرد و پەرلەمانیش پەسندی کرد.
عەبدولمەهدی هەوڵ دەدات بوونی خۆی لە رووی سیاسییەوە بەبیر بهێنێتەوە، بەڵام هیچ سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە.
مستەفا کازمی؛ دەرکەوتنێکی کتوپڕ
ناوی مستەفا کازمی، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی تشریندا وەک یەکێک لە بەربژێرەکانی سەرۆکوەزیران دەرکەوت. دوای داوای لێبووردنی عەدنان زورفی، کە تشرینییەکان بە هەموو شێوەیەک رەتیانکردەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، لە 9ی نیسانی 2020 ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێ سپارد و لە 7ی ئایاری هەمان ساڵدا سوێندی یاسایی خوارد.
کازمی لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا هەڵمەتێکی دژە گەندەڵیی دەستپێکرد کە تێیدا زیاتر لە 8 ملیار دۆلاری گەڕاندەوە، بەڵام زۆری نەبرد بووە ئامانجی هێرشی راگەیاندنی چەند هێز و لایەنێک، بەتایبەتی حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە توندی دژی وەستانەوە. کار گەیشتە ئەو ئاستەی بە درۆن هێرشکرایە سەر شوێنی حەوانەوەی لە ناوچەی سەوز.
سوودانی خۆی بۆ خولی دووەم ئامادە دەکات
لە ساڵی 2003ـەوە، زۆربەی حکومەتەکانی عێراق دوای قەیران و ململانێی سیاسیی درێژخایەن پێکهاتوون. محەممەد شیاع سوودانی، ئەزموونێکی کارگێڕیی فراوانی هەیە، چونکە چەندین پۆستی وەزاری وەرگرتووە. لەوانە کار، پیشەسازی و مافی مرۆڤ، جگە لەوەی پۆستی پارێزگاری مەیسانی بەڕێوەبردووە.
لە ئایاری 2022دا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێریان کرد و توانی حکومەتێک پێکبهێنێت کە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی فراوانی لە بەغدا دەستپێکرد.
ئەمەش پێگەی جەماوەریی بەهێز کرد و رەنگە رێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2025دا لە رێگەی هاوپەیمانێتییەکەی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) خولێکی دیکە بەدەست بهێنێت.