پۆلیسی دیالە دەستی بەسەر تانکەرێکدا گرت کە لەبری ئاو کحولی تێدا بوو

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی دیالە دەستی بەسەر بڕێکی زۆر خواردنەوەی کحولیدا گرتووە کە لەنێو تانکەرێکی ئاودا شاردرابوونەوە و بڕیاربووە ببرێتە بەغدا.
 
ئەمڕۆ شەممە، عەمید هەیسەم شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی ئێمە بووە و لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی 'بەنی سەعد' لە سنووری بنکەی پۆلیسی وەزیریە کراوە."
 
بە گوتەی عەمید هەیسەم شەمەری، "خواردنەوە کحولییەکان بەشێوەیەکی شارەزایانە لەنێو تانکەرێکدا شاردرابوونەوە، لەنێو تانکەرێکدا شاردرابوونەوە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی لە بازگەکان."
 
ئەو کەسانە ویستوویانە تانکەرەکە بگەیێننە بەغدا و لەوێ کحولەکە ساخ بکەنەوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە ئاماژەی بەوەکرد، "دوو تۆمەتبارەکە بە نۆرە شۆفێریی تانکەرەکەیان کردووە، دوای دەستگیرکردنیان رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر و رەوانەی دادگە دەکرێن."