بەرپرسێکى ئێران: رێوشوێنەکانى بانکى ناوەندیى عێراق هەڕەشەیە بۆ سەر ئاییندەى بازرگانیمان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى ژوورى بازرگانیى ئێران – عێراق رایگەیاند، رێوشوێنەکانى بانکى ناوەندیى عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دۆلار هەڕەشە لە ئاییندەى بازرگانیى ئەو وڵاتە دەکات لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران.
یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکى ژورى بازرگانىی ئێران – عێراق بە میدیاکانى وڵاتەکەى راگەیاندووە، کە لایەنى عێراقى بەنیازە لە چەند مانگى داهاتوودا مامەڵەى نافەرمى بە دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى قەدەخە بکات و بە نایاسایی دابنێت، ئەو کاتە عێراقییەکان ناتوانن کاڵاى ئێرانى بکڕن، تەنانەت ئەگەر ئامادەبن بە نرخێکى گرانتریش بیکڕن.
بانکى ناوەندیى عێراق بەگوێرەى رێوشوێنەکانى و لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنى بانکەکەوە دۆلار بە بازرگانان دەفرۆشێت بۆ هاوردەکردنى کاڵا، بە نرخى 1305 دینار بۆ یەک دۆلار، ئەو هەنگاوە رێوشوێنەکانى کڕینى دۆلارى قورس کردووە.
یەحیا ئال ئیسحاق ئاماژەى بەوەدا، داهاتى عێراق بە دۆلارە، بەڵام زۆربەى ئەو وڵاتانەى مامەڵەى هاوردەکردنیان لەگەڵ دەکات مامەڵە بە دۆلار ناکەن، لەوانە ئێران، بانکى ناوەندیى عێراق بڕیاریداوە کە بە دراوى ئەو وڵاتانەی هاوبەشی بازرگانی لەگەڵیاندا هەیە، مامەڵەى بازرگانیان لەگەڵ بکات.
قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان عێراق و ئێران ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە، لەکاتێکدا قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى تورکیا لەگەڵ عێراق زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە.