نەخشەی بنەڕەتیی رێگەی گەشەپێدان تەواو دەبێت و دەخرێتە بەردەم کۆمپانیاکان


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم نەخشەی بنەڕەتیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەواو دەبێت و راستەوخۆ دەرگەی پێشکێشکردن لەبەردەم کۆمپانیاکان دەکرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
 
رۆژی دووشەممە، 01-12-2025، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆتایی ئەم مانگە نەخشەی بنەڕەتیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەواو دەبێت، کە قۆناخی بەر لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە و راستەوخۆ دەرگە لەبەردەم بەشداریکردنی کۆمپانیاکان دەکرێتەوە بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنیدا."
 
رێگەی گەشەپێدان 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەری فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنووری باکووری کوردستان و تورکیا.
 
مەیسەم سافی رایگەیاند: پڕۆژەکە 7 بەش دەبێت و هەر بەشێکی دەدرێتە چەند کۆمپانیایەک بۆ جێبەجێکردنی.
 
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و حکومەتی عێراق دەیەوێت هاوتەریب لەگەڵ هێڵەکە، بۆریی گواستنەوەی وزەی هەبێت و ساڵی 2050 تەواو دەبێت؛ پێشبینی دەکرێت ساڵانە داهاتەکەی بگاتە 4 ملیار دۆلار.