ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: 218 تۆمەتبار دەستگیرکراون کە 12ـیان قاچاخچیی نەوت بوون

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی مانگی تشرینی دووەمی 2025ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو مانگەدا 218 کەسیان بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر هەزاران لیتر سووتەمەنیی قاچاخ و چەندین تۆن خۆراکی بەسەرچوودا گرتووە.
 
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە1-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە مانگی تشرینی دووەمی 2025، چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی گرنگمان بەپێی زانیاریی هەواڵگری و بە فەرمانی دادوەر ئەنجامداوە."
 
سەبارەت بە قاچاخیی سووتەمەنی، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی، "مانگی رابردوو لە پارێزگاکانی عێراق، بە تایبەت ئەو پارێزگایانەی کێڵگەی نەوتیان تێدایە، 12 تۆمەتبار دەستگیرکراون شۆفێری تانکەری نەوت بوون و دەست بەسەر 67 هەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیراوە."
 
ئەرشەد حاکم راشیگەیاند، "هەر تانکەرێکی نەوت یان سووتەمەنی، بەپێی نووسراوی فەرمی ئاراستەی پارێزگایەکی دیکە دەکرێت، ئەگەر بەپێچەوانەی نووسراوەکەی بارەکەی بۆ پارێزگایەکی دیکە بگوازێتەوە، بە قاچاخ ئەژمار دەکرێت و شۆفێرەکە دەستگیر دەکرێت و دەست بەسەر بارەکەیدا دەگیرێت."
 
بەگوێرەی ئاماری دەزگاکە، ئۆپەراسیۆنەکانی مانگی تشرینی دووەمی 2025 بەمشێوەیە بوون:
 
-  دەستگیرکردنی 25 تۆمەتباری تیرۆر
-  دەستگیرکردنی 43 تۆمەتباری بازرگانی و بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر
-   دەستگیرکردنی 89 تۆمەتباری هەڕەشەکردن و دەستبڕین
-   دەستگیرکردنی 5 تۆمەتباری بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ
-  دەستگیرکردنی 30 تۆمەتبار بە فێڵکردن و قۆڵبڕین
-  دەستگیرکردنی 5 تۆمەتباری سەر بە بزووتنەوە تووندڕۆکان
-  دەستگیرکردنی 9 تۆمەتبار بە ساختەکردنی بەڵگەنامە
-   دەستبەسەرداگرتن و لەنێوبردنی نزیکەی 257 تۆن خۆراکی بەسەرچوو
-  داخستنی 42 شوێن بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنوێنییەکان