بەغدا؛ بە دانیشتووانی گەڕەکێک گوتراوە لە 72 کاژێردا خانووەکانیان چۆڵ بکەن یان پارە بدەن
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژ لەمەوبەر دەرگای ماڵی عیماد داود و دراوسێکانی لە گەڕەکێکی بەغدا درا؛ یەکێک لە ناخۆشترین هەواڵەکانی تەمەنیان پێدرا کە دەبێت لەماوەی 72 کاژێردا ئەو ماڵ و حاڵەی بە رەنج و ماندووبوونی ساڵان بنیاتیان ناوە، چۆڵی بکەن.
دانیشتووانی گەڕەکی (مەراعی) لە ناوچەی دۆرەی بەغدا، لە ساڵی 2014ـەوە لەو ناوچەیە زەوییان کڕیوە و کردوویانە بە خانوو. ئەوان دەڵێن بەڵگەنامەی فەرمییان بەدەستەوەیە کە دەیسەلمێنێت زەوییەکان بەناوی چوار کەسەوە بوون و ئەمانیش بە گرێبەست لێیان کڕیون، بەڵام ئێستا تووشی سەرسوڕمان بوون کاتێک لایەنێک بە بەڵگەنامەی دیکەوە هاتوون و تەنیا ناوەکان گۆڕاون.
عیماد داود، دانیشتووی گەڕەکی مەراعییە و دەڵێت: "کۆمەڵێک هاتن و گوتیان ئەم زەوییانە موڵکی کۆمپانیای (ئەبقار فەیحا)ـیە و ئێوە بە دەرفەتتان زانیوە و دەستتان بەسەردا گرتووە. ئێمە پێمان گوتن بەشێوەی فەرمی کڕیومانە، بەڵام سکاڵایان لەسەر تۆمارکردین و رۆژانە ئێمە لە ڕێگەی دادگاین بێ ئەوەی بە هیچ ئەنجامێک بگەین."
بەگوتەی دانیشتووان، کاتێک زەوییەکانیان کڕیوە رێکارە یاساییەکانیان بڕیوە. مەعد جبووری، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: "ئێمە نەهاتووین هەر لەخۆمانەوە ئەم زەوییانە داگیر بکەین یان بەزۆر دەستدرێژی بکەینە سەری؛ ئێمە لەسەر بنەمای بەڵگەنامە کڕیومانن و چووینە فەرمانگەی تاپۆش، ئەوان پێیان گوتین کارەکانتان 100٪ تەواوە و یاساییە."
دایکی تەبارەک، کە هاوژینی شەهیدە و سێ خێزان لە خانووەکەیدا دەژین، بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "باشە بۆ کوێ بڕۆین؟ چۆن پێتان فرۆشتین ئەگەر هی ئێوە نەبوو؟ ئێمە بە رێگەی یاسایی ئەم زەوییانەمان کڕیوە و پارەمان داوە."
زینە مەحموود، باسی شێوازی مامەڵەی ئەو کەسانە دەکات کە داوای چۆڵکردنیان لێدەکەن و دەڵێت: "پێم گوتن ماڵەکەم چی لێ بکەم؟ گوتیان ماڵەکەت بار بکە و بڕۆ. دەبێت کەسێک بێت و ئاوا مامەڵە بکات؟ ئەوانە تەنیا زەوییەکانیان دەوێت."
بەشێک لە دانیشتووان حکومەت بە بەرپرس دەزانن لەم کێشەیە. باوکی عەبدولڕەحمان دەڵێت: "ئێمە بەشێک نین لەو ناکۆکییەی لەسەر موڵکەکە هەیە؛ دەوڵەت و حکومەت هەڵەیان کردووە نەک ئێمە. ئێمە خەڵکانێکی ستەملێکراوین، زەویمان کڕیوە و لە ماڵەکانمان دانیشتووین."
لەم گەڕەکەدا زیاتر لە 120 ماڵ نیشتەجێن، کە 11 ساڵ لەمەوبەر وەک زەوی کڕیویانە و بە شەونخوونی کردوویانەتە سێبەرێک بۆ ئەوەی تێیدا بحەسێنەوە. ئێستا دوو بژارەیان خراوەتە بەردەم: یان دەبێت خانووەکانیان چۆڵ بکەن، یان دەبێت بۆ هەر مەترێک زەوی، ملیۆنێک دینار بەو لایەنە بدەن کە بانگەشەی خاوەندارێتی دەکات.