ئەندامێکى مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى نوجەبا: هێزى پێشمەرگە ناکەینە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکى مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى نوجەباى شیعە رەتیدەکاتەوە هێزەکانى پێشمەرگەیان بە ئامانج گرتبێت و دەڵێت، پاڵپشتی بەئامانجگرتنیشى ناکەن. دەشڵێت، "هێزەکانى ئەمریکا دەزانن پێکهێنەرانى گرووپى مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق کێن."
 
حەیدەر لامى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى نوجەبا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بزووتنەوەکەی رێکخراوێکى جەماوەرییە و بەشێک نییە لە حەشدی شەعبی، "کاتێک هێزەکانى ئەمریکا لەناو خاکى عێراق بەئامانج دەگرین، لەسەر حەشدی شەعبی هەژمار ناکرێت، کە دامەزراوەیەکى فەرمیى ئەمنیى سەر بە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانە."
 
ئەو ئەندامەى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى نوجەبا رەتیکردەوە ناسنامەی گرووپەکە شاردراوە بێت و گوتی، "هێزەکانى ئەمریکا دەزانن کە ئەو گرووپانە کێن کە لە مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق بەشدارن و بڕیارەکانى مقاوەمە سەربەخۆن."
 
ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەى عێراق کە نزیکن لە ئێران و ناویان لە خۆیان ناوە "مقاوەمەی ئیسلامی،" لە 17ی تشرینى یەکەمى 2023وە 27 جار هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمى کوردستان و 29 جاریش هێرشیان کردووەتە سەر بنکەى سەربازیى عەین ئەسەد لە ئەبنار.
 
ئەندامەکەى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى نوجەبا گوتى، "پەیامى هێرشەکانمان روونە کە ئەو مووشەک و درۆنانە بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنى بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و لە دەرەوەى، تاوەکو هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە رادەگیرێت و ئەگەر رێگەمان پێبدرێت لەلایەن هەندێک لە وڵاتانى عەرەبییەوە، دەچووین بۆ فەلەستین."
 
حەیدەر لامى ئاماژەى بەوەش دا، دووژمنى سەرەکییان ئەمریکایە لە عێراق و لەگەڵ دژایەتیکردنى هیچ وڵاتێکى ئەوروپا نین، بەڵام هەر وڵاتێکیان پاڵپشتیى ئیسرائیل بکات، دەبنە نەیارى.
 
رۆژی 30ى کانوونى یەکەمى 2023، بە درۆن هێرش کرایە سەر بنکەیەکى هێزەکانى پێشمەرگە لە پیرمام لە هەولێر، بەڵام گرووپى مقاوەمە بەرپرسیارێتیى خۆى لەو هێرشە رانەگەیاندووە.
 
حەیدەر لامى گوتى، "مقاوەمەى ئیسلامى هیچ کاتێک پێشمەرگە بەئامانج ناگرێت، هێزەکانى پێشمەرگە هێزى عێراقى و فەرمین و بەئامانجى ناگرین، پشتگیری لە بەئامانجگرتنى هیچ هێزێکى ئەمنیى عێراقى ناکەین، پێشمەرگە بێت یان هەر هێزێکى دیکە، کە رێز لە یاساکانى ناو عێراق دەگرن."
 
بزووتنەوەى نوجەبا، گرووپێکى چەکداریى شیعەی عێراقە، لە ساڵى 2013وە دامەزراوە، لە عەسائیبی ئەهلى حەق جیابووەتەوە، کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتیى دەکات، ژمارەى چەکدارانی بە نزیکەی 10 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێن، ئەکرەم کەعبی ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەى نوجەبایە.