تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق: بە هاوبەشیی حکومەت لە بواری گەشەپێداندا کاردەکەین
رووداو دیجیتاڵ
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی یۆنامی، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بواری گەشەپێدانی نیشتمانیدا کاردەکەن.
ئەو تیمە راگەیێنراوێکی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) بڵاوکردەوە.
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند: لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی یۆنامی، بەردەوام دەبن لە کارکردن لە عێراق بە سەرپەرشتیی هاوئاهەنگکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
لە دوای 22 ساڵ کارکردن، کارەکانی یونامی لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی هات و ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گۆڕدرا.
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق کار دەکەن بۆ پاڵپشتیی کارە لەپێشینەکانی تایبەت بە گەشەپێدانی نیشتمانی، لە چوارچێوەی رێککەوتنی هاوکاری بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ ساڵانی 2025 بۆ 2029 دەبێت.
ئەو رێککەوتنەی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق لە 25ی کانوونی یەکەمی 2025 واژۆ کراوە.
تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "ئەوە هەنگاوێکی روونە بۆ گەشەپێدانی درێژخایەن و بەردەوام کە پشت بە دامەزراوە و هاوبەشیی کارا دەبەستێت".
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە رۆڵی وەک هاوبەشی متمانەپێکراو و پابەند بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری، کارکردن لە بواری کەشو و هەوا و بەرەوپێشبردنی سەرچاوەکانی ئاو، بەهێزکردنی چاودێریی کۆمەڵایەتی و چارەسەری بەردەوام.