عێراق سەکۆی 'گازی سەرئاوکەوتوو' بۆ جێگرتنەوەی گازی ئێران دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بۆ چارەسەری کێشەی کەمیی کارەبا و گازی هاوردەکراو لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، عێراق لە رێگەی کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە پەنا بۆ دروستکردنی سەکۆی "گازی سەرئاوکەوتوو" دەبات.
 
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو وێستگە سەرئاوکەوتووە لە ناوچەى خۆر زوبێر دەبێت لە ئاوی کەنداوی عەرەبی و دەست کراوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژکە و 1ی حوزەیرانی 2026 دوا وادەیە بۆ تەواوکردنی."
 
ئەو سەکۆیە، کۆگەیەکى گلدانەوە و گواستنەوەى گازە بەسەر ئاوەوە، توانای هەیە 500 ملیۆن پێ سێجا گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستەبەر بکات و پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئیکسیلیریتی (Excelerate)ی ئەمریکییەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
ئەحمەد مووسا رایگەیاند، "کۆمپانیای جێبەجێکار گازی هاوردەکراو بۆ ئەو سەکۆیە ئامادە دەکات، وەزارەتەکەى دەست لەوە وەرنادات کە ئەو گازە لە ئەمریکاوە یان وڵاتانی کەنداوەوە دەهێنرێت، کە لە رێگەی کەشتیی گواستنەوەی گازەوە دەبێت."
 
 لە وێستگەکەوە بۆریی گواستنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنەری کارەبا رادەکێشرێت.
 
ئەو هەنگاوەی عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە گازى کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە هەندێک جار کەم دەکات یان دەوەستێت و هەندێک جاری دیکەش بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە کێشە بۆ پارەدارکردنی دروست دەبێت.
 
هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق لە 23ی کانوونی یەکەمى 2025ـەوە راگیراوە، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەهۆیەوە بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 4500 مێگاوات کەمی کردووە.