لە شەڕی نێوان دوو خێزان لە دیالە 5 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە دیالە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوان دوو خێزان شەڕەتەقە دروستبوو. بە گوتەی پۆلیسی دیالە، 5 کەس کوژراون.
ئەمڕۆ هەینی 2ی کانوونی دووەمی 2026 عەمید هەیسەم شەمەری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی شەڕەتەقە لە ناحیەی خان بەنی سەعد لە بەعقوبە، 5 کەس کوژران و 11 کەسی دیکەش برینداربوون.
عەمید هەیسەم گوتی، "شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە لەنێوان دوو خێزانی خێڵی خەفاجە، شەڕەتەقە و پێکدادان روویداوە."
لەبارەی دۆخی بریندارەکان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دیالە گوتی، "دۆخی هەندێک لە بریندارەکان باش نییە و ئێستا لە نەخۆشخانەی بەعقوبە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن."
دەشڵێت، "هێزەکانی پۆلیس و سوپا لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە و چەند تۆمەتبارێک دەستگیرکراون."