بە تۆمەتی گێچەڵکردن بە کچێک لە بەسرە 17 کەس دەستگیر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی ئاهەنگی شەوی سەری ساڵ لە بەسرە کە تێیدا دەردەکەوێ کۆمەڵە گەنجێک گێچەڵ بە کچێک دەکەن، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای بەسرە 17 کەسیان دەستگیر کرد. جێگری پارێزگاری بەسرە دەڵێت، "رێگە نادەین ئادابی گشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بشێوێندرێت."
 
رۆژی هەینی، 2ی کانوونی دووەمی 2026، ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە لە راگەیەندراوێکدا گوتی، "دەستبەجێ دوای رووداوەکەی کۆرنیشی بەسرە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانیان 17 تۆمەتبار دەستنیشان بکەن و دەستگیر بکەن."
 
هاوکات زەید موئەیەد، جێگری پارێزگاری بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو 17 کەسە بە گشتی لە رووداوەکەدا تێوەگلابوون و رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
زەید موئەیەد گوتی، "دۆخی کچەکە باشە و لە ماڵی خۆیەتی، بەم نزیکانەش پارێزگار لە نزیکەوە دەیبینێت و گوێی لێدەگرێت."
 
جێگری پارێزگاری بەسرە ئاماژەی بەوەش کرد، "بەگشتی لەم دوو رۆژەدا 45 کەس دەستگیر کراون کە بەشی زۆریان بەهۆی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان بووە بە شێوەیەکی نایاسایی."
 
پارێزگاری بەسرە دەڵێت، "حکومەتی خۆجێیی بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەو رەفتارانە ناکات کە زیان بە ئادابی گشتی دەگەیێنن و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن. پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، بەتایبەت لە شوێنە گشتییەکان و کاتی بۆنەکان، لە کارە لەپێشینەکانمانە."
 
بە گوتەی ئەسعەد عێدانی، هێزە ئەمنییەکان لە شوێنە گەشتیارییەکان بڵاوەیان پێکراوە "ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و رێگریگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە،" داواشی لە هاووڵاتییان کرد "هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بن و هەر پێشێلکارییەک هەبوو ئاگاداریان بکەنەوە."
 
لە شەوی سەری ساڵدا، لە کۆڕنیشی بەسرە کچێک لەلایەن چەند گەنجێکەوە گێچەڵی پێکرا، بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی ئەو رووداوەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لەسەر ئاستی عێراق بەدوای خۆیدا هێنا.