کۆلێژێکی نموونەیی لە بەغدا دەکرێتەوە؛ کچان بە نمرەی 95 و کوڕان بە 90 وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە بەغدا، کۆلیژی نموونەیی بۆ بەهرەداران دەکرێتەوە، کە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هەیە و بە نمرەی بەرز خوێندکاران وەردەگرێت. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق دەڵێت، خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن.
د. حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، یەکشەممە 02-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ یەکەمینجار لە بەغدا، کۆلیژی نموونەیی بۆ بەهرەدارن دەکرێتەوە و بۆ ساڵی 2025-2026 دەخرێتە نێو رێبەری وەرگرتنی خوێندنکارانەوە لە زانکۆ و پەیمانگەکان.
خوێندن لە کۆلێژەکە بە زمانی ئینگلیزی دەبێت، خوێندکارانی ئەو کۆلیژە کۆمەڵێک تایبەتمەندیان پێدەدرێت، لەوانە مانگانە لانیکەم 200 هەزار دیناریان پێدەرێت، کورسیی ماستەر و ئاسانکاریان بۆ دەکرێت تاوەکو دابمەزرێن و لە دەرەوە وڵاتیش دکتۆرا بخوێنن.
یەکێک لە مەرجەکانی وەرگرتنی خوێندکاران لەو کۆلیژە، بۆ کوڕان نمرەی 90 و بۆ کچانیش 95ـە. بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کچان لە پۆلی شەشی ئامادەیی نمرەی بەرزتر لە کوڕان دەهێنن، بۆیە بۆ کوڕان 90 و بۆ کچان 95 دیاریکراوە.
کۆلیژەکە لە چوارچێوەی زانکۆی بەغدا دەبێت و لە پێنج بەش پێکدێت: زانستی داتاکان، سیستمی زانیاری، زانستی کارگێڕیی کار و بازرگانیی ئەلیکترۆنی، زانستی ژمێریاری و بانکەکان و زانستی کۆمەڵناسی و فەلسەفە.
سەبارەت بە وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەیی هەرێمی کوردستان لە کۆلێژەکەی بەغدا، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای گوتی، "خوێندکارانی هەرێمی کوردستانیش دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی لەو کۆلیژە بخوێنن."