عێراق لە بەرهەمهێنانی ئاردی سفردا دەگاتە خۆبژێوی
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق دەڵێت، عێراق لە بەرهەمهێنانی ئاردی سفردا گەیشتووەتە قۆناخی خۆبژێوی و ئەوەش واتای ئەوەیە هاوردەکردنی ساڵانەی دوو ملیۆن تۆن ئارد دەوەستێت کە پێشتر 2.5 ملیار دۆلاری بۆ دەچووە دەرەوە.
حەیدەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵی 2024 وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ پشتبەستن بە گەنمی نێوخۆ بۆ بەرهەمهێنانی ئاردی سفر. ئێستا بەرهەمی نێوخۆیی لە رووی کوالێتییەوە لە ئاردی هاوردەکراو باشترە."
بە گوتەی حەیدەر نووری، ئاردی نێوخۆ، پێچەوانەی ئاردی هاوردەکراو "بە تەواوی لە مادەی پارێزەر و زیادکراو خاڵییە".
لەبارەی بەکارهێنانی ئاردی نێوخۆ لە بازاڕدا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەوێڵە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا نانەواخانە و سەمونخانەکانی عێراق لە 100% پشت بە بەرهەمی نێوخۆ دەبەستن.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق گوتیشی: "43 ئاش لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن کە ئاردی سفر بەرهەم دەهێنن و لە رێگەی بازرگانانی ناوچەی جەمیلەوە لە بەغدا دابەشی دەکەن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە، پێشتر لە تورکیا، ئیمارات و کوێتەوە ئارد هاوردەی عێراق دەکرا.
حەیدەر نووری دەڵێ: "ئەم پڕۆژەیە وایکرد ئەو 2.5 ملیار دۆلارەی ساڵانە بۆ کڕینی ئارد دەچووە دەرەوەی وڵات، بۆ نێوخۆ و گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێتەوە."
حەیدەر نووری راشیگەیاند: " ئەم هەنگاوە دوای هەنگاوی وردی تەکنیکی هات کە دەریکخست ئاردی هاوردەکراو زیانی تەندروستی هەیە."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، سەرکەوتنی عێراق لە بەخۆماڵیکردنی ئەم پیشەسازییە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ گۆڕینی عێراق لە "وڵاتێکی تاک سەرچاوە، کە تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت" بۆ وڵاتێکی بەرهەمهێن و خۆبژێو، ئەمەش دەبێتەهۆی گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی و خۆراک لە وڵاتدا.