لە گوندێکی سنووری راپەڕین کچێک گیانی لەدەستدا؛ "لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکەین"
رووداو دیجیتاڵ
کچێک لە گوندێکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بە هۆکارێکی نادیار گیانی لەدەستدا. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 02-02-2026، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە دوێنێ شەو لە گوندی کەڕەک سەر بە ناحیەی سەرکەپکان روویداوە. بە گوتەی کەسوکارەکەی، نەخۆشیی دەروونی هەبووە."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، رووداوەکە نادیارە و پێدەچێت بابەتەکە خۆکوژی بووبێت.
کچە ناوی (خ. ح.)یە و تەمەنی 18 ساڵ بوو. بە گوتەی شۆڕش ئیسماعیل، کچەکە لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە و بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوەش کرد: "تەرمی ئەو کچەمان رەوانەی دادپزیشکی کرد، دوای پشکنین رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."