ناوخۆی عێراق: کردنەوەی سنوور بەڕووی پەنابەرانی سووریادا راست نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باسی کردنەوەی سنوورەکان بەڕووی پەنابەرانی سوورییدا دەکەن و رایگەیاند، هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نییە.
 
شەوی دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لە هەندێک پەیج و ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوبووەتەوە کە گوایە "عێراق سنوورەکانی بۆ 350 هەزار پەنابەری سووریی کردووەتەوە."
 
وەزارەتی ناوخۆی  عێراق گوتی، "ئێمە ئەم هەواڵانە بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە." هەروەها داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، "وردبن لە گواستنەوەی زانیارییەکان و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن، نەک بکەونە ژێر کاریگەریی "دەنگۆی بێبنەما."
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ داوای لە بلۆگەر و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد "زانیاریی ناڕاست" بڵاونەکەنەوە.
 
ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەکاتێکدایە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریا، دەنگۆی جیاواز لەبارەی هاتنی پەنابەران لەسەر سنوورەکان بڵاودەکرێنەوە.