وەقفی سوننەی عێراق بڕیاریدا دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان کەم بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دیوانی وەقفی سوننی عێراق، وەک ئامادەکارییەک بۆ مانگی رەمەزان، کۆمەڵێک رێنوێنیی نوێی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڵندگۆی مزگەوتەکان دەرکرد و بڕیاریدا دەنگی بڵندگۆکان لە گەڕەکەکاندا کەمبکرێتەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی دیوانی وەقفی سوننی، کە ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەکانی وەقف کراوە، مەبەست لێی رەچاوکردنی دۆخی هاونیشتمانییانە لە گەڕەکەکاندا.
سالم زەنگەنە، بەڕێوەبەری وەقفی سوننی لە کەرکووک، رۆژی دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گشتاندنی دیوانی وەقفی سوننیمان پێگەیشتووە و هەموو مزگەوتەکانی کەرکووکم لێ ئاگادار کردووەتەوە، بڕیارەکان لەجێی خۆیانن و بۆ ئاسوودەیی هاووڵاتییانە."
بەڕێوەبەری وەقفی سوننی لە کەرکووک رایگەیاند، "پێویستە دەنگی بڵندگۆی ئەو مزگەوتانەی لەنێو گەڕەکەکان و نزیک ماڵەکانن کەمبکرێتەوە، بە شێوەیەک لەگەڵ کەشوهەوای مانگی رەمەزاندا بگونجێت و نەبێتە مایەی بێزارکردنی دانیشتووانی نزیک مزگەوتەکان."
یەکێکی دیکە لە رێنوێنییەکان جەختکردنەوەیە لەسەر هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی خاوەن "دەنگێکی خۆش و زوڵاڵن" بۆ بانگدان، چونکە بەگوێرەی نووسراوەکە، "دەنگی خۆش یەکێکە لە شێوازەکانی بانگەواز"، سالم زەنگەنە دەڵێت، "ئەگەر کەسێکیش پێی خۆش بێت بانگ بدات، رێگری لێناکەین."
سالم زەنگەنە، ئاماژەی بەوەشکرد، گشتاندنەکە بۆ هەر 14 بەڕێوەبەرایەتییەکەی وەقفی سوننی لە پارێزگاکانی عێراق نێردراوە.
سەبارەت بە نوێژی بەیانیان، وەقفی سوننی بڕیاریداوە تەنیا بڵندگۆی ناوەوەی مزگەوت بەکاربهێندرێت و بڵندگۆی دەرەوە بۆ خوێندنی نوێژەکە دانەگیرسێندرێت، بەڵام وەک سالم زەنگەنە گوتی، "ئەم بڕیارە مانگی رەمەزان ناگرێتەوە و بۆ مانگەکانی دیکەیە."