بڕیاری نوێی گومرگی عێراق؛ خۆراک راستەوخۆ لە وڵاتانی دروستکارەوە هاوردە بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رێکاری نوێ لەبارەی هاوردەکردن دەگرێتە بەر. رێگە نادرێت خۆراک لە وڵاتی دووەمەوە هاوردە بکرێت و دەبێت راستەوخۆ لە وڵاتی دروستکارەوە بێت.
هەروەها مانەوەی کۆنتێنەریش لە ئوم قەسر بۆ دوو ئەوەندەی پێشوو درێژکرایەوە، کە بەهۆی مامەڵەکانیان و پێناسەی نوێی گومرگی، دەرباز نەببوون.
مانەوەی کۆنتێنەر کرایە دوو ئەوەندە
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە بڕیارێکی نوێدا کە یەکشەممە 1ی شوبات دەریکردووە، ماوەی مانەوەی کۆنتێنەرەکانی لە بەندەری ئوم قەسر لە 30 رۆژەوە کردە 60 رۆژ.
ئەو بڕیارە بۆ ئەو بارانەیە کە لە سیستمی "ئەسیکۆدا" تۆمارکراون و لە نێوان 20ی کانوونی یەکەمی 2026 تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2026 گەیشتوونەتە بەندەرەکانی عێراق.
ئەو ماوەیە بۆ رێگەدانە بە هاوردەکاران تاوەکو مامەڵەی فەرمیی دەربازبوونی کاڵاکانیان تەواو بکەن.
حامی هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند: ئەو رێکارە پەیوەندیدارە بەو بارانەی کە گومرگی پێشوەختە و پێناسەی نوێی گومرگی دەیگرتنەوە و ئامادە نەبوون لە ئوم قەسر دەربازی بکەن؛ کەمکردنەوەی گومرگ بە رێژەی 25% رۆڵی ئەرێنی دەبێت لەسەر دەربازکردنیان."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار، زیاتر لە 56 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگاى بەسرە هەن کە دەرباز نەبوون و زۆربەیان ئەو کێشەیان هەیە.
خۆراک لە وڵاتی دروستکارەوە نەبێت هاوردە ناکرێت
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە نووسراوێکی دیکەدا کە ئاراستەی بانکی ناوەندیی کردووە، داوای لێدەکات رێگە بە دەربازبوونی ئەو خۆراکانە نەدرێت کە لە رێگەی وڵاتانی دووەمەوە هاوردە کراون و دەبێت تەنیا لەو وڵاتەوە هاوردە بکرێن کە لێی بەرهەمێنراوە یان دروست کراوە.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە بە پاساوی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییە و رێگرییە لەوەی خۆراکێک بۆ وڵاتێکی دیکە چووبێت و لەوێوە ببرێتە عێراق، تاوەکو رێگری لە ساختەکردن بکرێت."
ناوی وڵات یان کۆمپانیای دروستکەر یەکێکە لە مەرجەکانی بانکی ناوەندی بۆ تەرخانکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانان، تاوەکو کاڵای پێ هاوردە بکەن؛ ئەو رێکارە لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە چەسپێنراوە کە بەبێ ئەو مەرجە رێگە نادرێت کاڵاکە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە دەرباز بێت.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "پێشتر هەندێک خۆراکی وڵاتان لە رێگەی ئیماراتەوە هاوردە دەکران، بەگوێرەی ئەو رێکارە نوێیە چیتر ئەو رێگەیە نامێنێت و دەبێت بازرگان راستەوخۆ لەو وڵاتەوە کاڵاکە هاوردە بکات کە تێیدا دروستکراوە."