هەواڵگریی سەربازیی عێراق: 7 بازرگانی مادەی هۆشبەرمان دەستگیر کرد
رووداو دیجیتاڵ
یەکەکانی هەواڵگریی سەربازیی عێراق لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازدا لە بەغدا و ئەنبار، 7 بازرگان و فرۆشیاری مادەی هۆشبەریان دەستگیر کرد.
حەیدەر محەمداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر بنچینەی رێنوێنیی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی بۆ بنبڕکردنی مادە هۆشبەرەکان، یەکەکانمان لە فیرقەکانی 6، 7 و 17ی پیادە، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازدا 7 بازرگانی مادەی هۆشبەریان لە بەغدا و ئەنبار دەستگیر کرد."
عەقید حەیدەر محەمداوی گوتی، "ئۆپەراسیۆنەکان دوای چاودێرییەکی وردی جووڵەی گومانلێکراوەکان ئەنجامدران و لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەست بەسەر چەندین مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە."
تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق 13 بازرگان و فرۆشی مادەی هۆشبەریان لە بەغدا دەستگیرکردووە.
بە گوتەی حەیدەر محەمداوی، تۆمەتباران لەگەڵ مادە دەستبەسەرداگیراوەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سێ ساڵی رابردوودا 1200 تۆڕی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەریان هەڵوەشاندوونەتەوە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 14 تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە.
هاوکات ژمارەی سزادراوان لە کەیسەکانی مادەی هۆشبەر، لە ساڵی 2025 گەیشتووەتە 2663 کەس و 16 ئۆپەراسیۆنی تایبەتیان لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات بە هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ ئەنجامداوە.