خەمیس خەنجەر: سوننەکان لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
وەرگێڕان: بژار زوبێر
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە رایگەیاند، "ژمارەیەکی زۆری" پەرلەمانتارانی سوننە، لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێککەوتوون بۆ ئەوەی داوای دانیشتنێک بکەن تاوەکو سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵببژێردرێت.
ئەم لێدوانانەی خەنجەر دوای ئەوە هاتن کە ئەمڕۆ شەممە، خۆی لە بەغدا سەرکردایەتیی کۆبوونەوەیەکی سوننەکانی کرد، کە هاوپەیمانییەکانی عەزم، سیادە، حەسم، پارتی جەماهیر و چەند پەرلەمانتارێکی عەقدی وەتەنی و هەندێکی دیکەی سەربەخۆ تێیدا بەشداربوون.
خەنجەر بە رۆژنامەڤانانی گوت، لە رۆژانی رابردوودا، ژمارەیەک فراکسیۆنی سوننە لە بارەی پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە گفتوگۆدا بوون.
لە ئەنجامی ئەوەدا، خەنجەر دەڵێت، ئەمڕۆ "ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتارانی سوننە لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێککەوتن بۆ ئەوەی داوای دانیشتنێکی بەپەلە بکەن لە پێناو هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران."
سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە جەختیکردەوە کە "نابێت ئەم پۆستە ماوەیەکی درێژتر لەوەی رابردوو بە بەتاڵی بمێنێتەوە، چونکە ئەوە گرفت بۆ پڕۆسەی سیاسی دروستدەکات. بۆیە پێویستە بە رۆڵی خۆمان هەستین بۆ ئەوەی لایەنە سوننییەکان کۆبکەینەوە و داوای دانیشتنێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەین."
دەشڵێت، "بە پشتیوانی خودا، لە رۆژانی داهاتوو، دانیشتنێک دەکرێت و لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆش راگەیێندراوێک دەردەکرێت کە نوێنەرایەتیی هەموو پەرلەمانتار و هاوپەیمانییە سیاسییە سەرەکییەکان دەکات بۆ ئەوەی داوای ئەم شایستەیەی خۆمان بکەین."
لە وەڵامی پرسیارێکی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداودا، خەنجەر گوتی: "شاند دەنێرینە لای هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی تێڕوانینی خۆمان بۆ خێراکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان روونبکەینەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزە سوننەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنەکە، کە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، دادگەی باڵای عێراق ئەندامێتییەکەی هەڵوەشاندنەوە.
لە چوارچێوەی نۆرمێکی سیاسیدا، لە دوای ساڵی 2003ـەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی فیدڕالیی عێراق بە سوننە، پۆستی سەرۆککۆمار بە کورد و سەرۆکوەزیرانیش بە شيعە دراوە.
هاوپەیمانییەکانی عەزم، سیادە و حەسمی وەتەنی، دوای ئەوە کۆبوونەوەیەی کە خەنجەر سەرۆکایەتیی کرد، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا پێداگری خۆیان لەسەر ئەو بەربژێرانە دەربڕی کە ناویان پێشكێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون.
هێزە سوننییەکان ناوی پێنج بەربژێریان بە پەرلەمان دابوو، بەڵام هیزە شيعەکان لە دادگەی باڵا تانەیان لە بەربژێرکردنی شەعلان کەریم دا، کە لە دوایین دانیشتنی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، ناوی خرایەڕوو.
شەعلان کەریم لەو دانیشتنەدا کە 14ی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، لە پێشەنگی بەربژێرەکانی دیکەدا بوو.
پێنجشەممەی رابردوو، 28ی شوبات، دادگەی فیدڕالی ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە لایەنە شيعەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەربژێرکردنی شەعلان کەریم پێشكێشیان کردبوو.