فوئاد حوسێن: هەولێر بە زیاتر لە 70 مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، شاری هەولێر رووبەڕووی هێرشێکی چڕ بووەتەوە و بە زیاتر لە 70 مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش ئاشکرای دەکات کە وڵاتەکەی بە نزیکەی 800 مووشەک و درۆن بۆردوومان کراوە.
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات بە تەلەفۆن قسەیان کرد و پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیری دەرەوەی ئیمارات ئاشکرای کردووە کە وڵاتەکەی رووبەڕووی نزیکەی 800 هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە. شێخ عەبدوڵڵا بن زاید جەختی کردەوە کە ئامانجی هێرشەکان چەندین شوێنی مەدەنی بوون و گوتی: "هیچ پاساوێک بۆ ئەم هێرشانە نییە و پێویستە دەستبەجێ رابگیرێن."
لەلایەکی دیکەوە، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە عێراق بووەتە "قوربانیی ئەم شەڕە" و لەلایەن لایەنە جیاوازەکانی ململانێکەوە بۆردوومان دەکرێت، ئەمەش دۆخە ئەمنییەکەی ئاڵۆزتر کردووە. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە قەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "تەنیا شاری هەولێر رووبەڕووی زیاتر لە 70 مووشەک و درۆن بووەتەوە."
فوئاد حوسێن گوتیشی تەنیا هەولێر ئامانج نییە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەی شەڕەکە پێگەکانیان لە باشوور و رۆژئاوای عێراق کردووەتە ئامانج. وەزیری دەرەوە جەختی لە هەڵوێستی بەغدا کردەوە بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان بە ئامانجی پاراستنی گیانی مەدەنییەکان.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوو وەزیر لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکانیان رێککەوتن، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە "شەڕێکی وێرانکەر" دووربخرێتەوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمی و بەرژەوەندیی گەلان دەکات.