باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: مەچنە باڵیۆزخانە و کونسووڵخانەی هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق دەکات و داوایان لێدەکات لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و بەهیچ شێوەیەک نزیکی باڵیۆزخانە لە بەغدا و کونسووڵخانەی گشتی لە هەولێر نەبنەوە.
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە ئەمریکییەکان کرد "ئەوپەڕی وریایی" بنوێنن. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق ئامۆژگاری هاووڵاتییانی دەکات وریاییەکی زیاتر بنوێنن، کەمتر دەربکەون و لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم هۆشدارییە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بە مەترسیی گرووپە چەکدارەکان کردووە و دەڵێت: "ئەو گرووپانەی هاوپەیمانی ئێرانن، هێشتا مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی گشتی؛ هەروەها راپۆرتەکان باس لە بوونی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئاسمانی عێراقدا دەکەن."
باڵیۆزخانەکە هۆشداریشی داوە کە خۆپێشاندانەکان لەوانەیە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بگۆڕدرێن بۆ تووندوتیژی، بۆیە پێویستە هاووڵاتییانیان لە هەر جۆرە گردبوونەوە و قەرەباڵخییەک دووربکەونەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق "ناوچەی سەوز"یان لە بەغدا داخستووە. باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە روونی داوا لە هاووڵاتییانی دەکات: "لەژێر رۆشنایی رێکارە ئەمنییە تووندەکاندا، هەوڵ مەدەن بچنە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا یان کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر."
نێردەی ئەمریکا لە عێراق بڕیاریداوە سەرجەم کارە کونسوڵییەکان و خزمەتگوزارییە رۆتینییەکان بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی بە شێوەیەکی کاتی رابگرێت. هاوکات سەرجەم فەرمانبەرانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی راسپاردووە لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و هاتووچۆ نەکەن.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و بانگەواز بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندانی بەرفراوان لە دژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە چەندین شاری عێراق دەکرێت.