سەرایا ئەولیا دەم: بە رەوە درۆنێک بنکەی ڤیکتۆریامان لە بەغدا کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی چەکداریی سەرایا ئەولیا دەم رایدەگەیێنێت، وەک تۆڵەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە رێگەی "رەوە درۆن"ـەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، گرووپی ناسراو بە "سەرایا ئەولیا ئەلدەم" کە بەشێکە لە موقاوەمەی ئیسلامی، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی شەرعی و وەک تۆڵەیەک بۆ خوێنی ئیمام سەید عەلی حوسەینی خامنەیی و بۆ پاڵپشتیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەنگاوەرەکانمان هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەو گرووپە، هێرشەکە بە "رەوەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" کراوە و ئامانجەکەی بنکەی ڤیکتۆریا بووە کە دەکەوێتە نێو سنووری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
رۆژی 28-2-2026 لە ئەنجامی هێرشێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا، ئەوەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەو گرووپە چەکدارییە لەو رۆژەوە، چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شەوی دووشەممە گرووپەکە دوو هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ئەستۆگرتبوو، بەڵام هەردوو هێرشەکە لەلایەن سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانان بەرپەرچ درانەوە.