داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ 48 کاژێری دیکە درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، داخستنی ئاسمانی عێراقی بۆ 48 کاژێری دیکە درێژکردەوە، کە هەموو جۆرە گەشتى فڕۆکەیەک دەگرێتەوە.
دووشەممە 2ی ئاداری 2026، جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "داخستنی ئاسمانی عێراق لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بۆ 48 کاژێری دیکە درێژکرایەوە."
جیهاد دیوان رایگەیاند، بڕیاری داخستنی ئاسمانی عێراق هەموو جۆرە فڕۆکەیەکی هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبوو دەگرێتەوە.
لە 28ـی شوباتەوە ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا، ئەوەش بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق رایگەیاند، بڕیاری درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی عێراق لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوام بووە بۆ دۆخی ئەمنی لە سایەی پێشهات و دوایین گرژییە هەرێمییەکان و دوای پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ پێشهاتە پەیوەندیدارەکان، جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێتەوە.